رۆژنامەنووسان پەیامی میدیایی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنن

:: PM:03:02:17/10/2016 ‌

سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە میدیاكانی كوردستان كرد بێلایەنانە رووماڵی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بكەن، رۆژنامەنووسانی كوردستانیش پەیامی سەرۆكی كوردستانیان بە پڕ بایەخ هەژمار كرد.

ئەنوەر بازگر ئەندامی باڵای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بەهیچ شێوەیەك نابێت رووماڵی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە فۆرمێكی حزبی لەخۆ بگرێ، بەڵكو پێویستە فۆرمێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبێت.

ئەو گوتی، ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان جیاوازی لە  گوتاری سیاسیدا هەیە، بەڵام هەموو خەڵك دەزانێت پێشمەرگە بێ جیاوازی بەرگری لە خەڵكی كوردستان دەكات و لای خەڵكیش پێشمەرگە هێزێكی پیرۆزە، جگەلەمە سەركەوتنی پێشمەرگە بە هەر ئاستەیەكدا ببرێت لای خەڵكیش جێگەی قبووڵ نییە.

هاوكات كاروان محەمەد كە رۆژنامەنووسێكی گەرمیانە، لەبارەی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شێوازی رووماڵی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، بە "وشە"ی راگەیاند، داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ترسناك مەترسییە بۆ سەر تەواوی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەش بۆ بەرگریكردن لە خەڵكی كوردستان رووبەڕووی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بووەتەوە.

ئەو گوتی، نابێ میدیا رۆڵی بێلایەنانە و پیشەیییانەی خۆی لە دەست بدات و سەركەوتن و هێرشی پێشمەرگە بە حزبی بكات، چونكە هەنگاوێكی لەم شێوەیە كەمكردنەوەیە لە بایەخ و قوربانیدانی پێشمەرگە.

نیاز كەریمی میدیاكاریش بەهەمان شێوە پاڵپشتی لەوە دەكات كە خوێن و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترە بەحزبی بكرێ. ئەو وەك میدیاكارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، "وەك لە پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا پێداگری لەسەر كراوە، هەر میدیایەك باسی سەركەوتنی لایەنێك بكات یاخود رووماڵی پیشەییانەی نەكرد، وا باشە رێگەی پێ نەدرێت لە سەنگەرەگانی پێشمەرگە نزیك ببێتەوە".

دوێنێ یەكشەم مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبارەی دەستپێكی جەنگی مووسڵەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە و داوای لە تەواوی میدیاكانی هەرێمی كوردستان كرد، بێلایەنانە و بێ جیاوازی حزبی و ناوچەیی، رووماڵی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن.

گەرمیان / سەبری هۆرینی


وشە - سلێمان تاشان