رێگە سنوورییەكانی هەڵاتنی داعش بە چڕی بۆردمان دەكرێت

:: PM:03:14:17/10/2016 ‌

فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ، فڕۆكە سەربازی و كۆپتەرەكانی سوپای عێراق بەچڕی پشتێنەی سنووریی نێوان عێراق-سووریایان بۆردمان كردووە و دەیان چەكداری داعشیان كوشتووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی هەشت گوند لە داعش پاك بكاتەوە و لە پێشڕەویكردن بەردەوامە، ئێستە ئەوان لە دووریی تەنیا 12 كیلۆمەترن لە سەنتەری مووسڵ.

نازم جغێفی فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی حەدیسە ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ، هێزی ئاسمانی عێراق دەستی كردووە بە بۆردمانی چڕی ئامانجەكانی داعش لە پشتێنەی سنووری نێوان عێراق و سووریا لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.

زیاتر گوتی، لەو بۆردمانانە دەیان چەكداری داعش كوژراون كە سەركردە و ئەمیریان لە رەگەزی جیاجیا تیادایە و مەبەستی بۆردمانەكەش بڕینی هێڵی پاڵپشتی و گواستنەوەی چەكدارانی داعشە لە نێوان مووسڵ و ناوچەكانی تری ئەنبار كە لەژێر دەستی داعشدان.

جغێفی روونی كردەوە كە داعش هەوڵ دەدات چەكدارانی لە شارەكانی سووریا بەرەو مووسڵ و ئەنبار جووڵە پێ بكات، هاوكات هێزە تەناهییەكان هەوڵ دەدەن ئەو چەكدارانە بكەنە ئامانج كە لە مووسڵەوە بەرەو ئەلبوكەمال و رەقەی سووریا و ئەنبار هەوڵی هەڵاتن دەدەن.   

بەپێی سەرچاوەیەك لە ناو شاری مووسڵ ژمارەیەك چەكداری داعش لە ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش هەڵگەڕاونەتەوە و ئەوان لە رێگەی بڵندگۆی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانەوە هاواریان كردووە كە دەسەڵاتی بەغدادی كۆتای هاتووە و خۆی بەرەو رەقە لە سووریا هەڵاتووە و خێزانەكەشی گیراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، كردەوەگەلەكە لە زیاتر لە قۆڵێكەوە دەستی پێ كرد و هێزی پێشمەرگە توانییان هەشت گوند ئازاد بكەنەوە. 

سەرچاوە: ئەلمەعلوومە


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل