له‌گه‌ڵ توندبوونى گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له عێراق، بابه‌تى دامه‌زراندنى هه‌رێمى سوننه له‌باكور و رۆژئاواى عێراق زیندوو ده‌بێته‌وه و هه‌ندێك له‌و سیاسییانه‌ى بانگه‌شه بۆ یه‌كێتى خاكى عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له زیندووكردنه‌وه‌ى ئه‌م بیرۆكه‌یه هانى سوننه‌كانى داوه.
چه‌ند رۆژێكه له میدیاكانى عێراق باس له‌وه ده‌كرێت، له ئیمارات سه‌ركرده‌كانى سوننه‌ى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه و تێیدا تاوتوێى دامه‌زراندنى هه‌رێمى سوننه‌یان كردووه، وێراى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه‌ى گوایه له كۆبوونه‌وه‌كه به‌شدارییان كردووه نكۆڵى له بابه‌ته‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت ئه‌مڕۆ به‌دواداچوونێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئێران ببێته شوێنگره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له عێراق سوننه‌كان داواى هه‌رێم ده‌كه‌ن
وروژاندنى هه‌رێمى سوننه له ئیماراته‌وه
له سه‌ره‌تاى به‌دواداچوونه‌كه‌ى رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌بى جه‌دید" هاتووه، سێ رۆژه به‌رده‌وام بابه‌تى دامه‌زراندنى هه‌رێمى سوننه له میدیاكان مشتومڕى له‌سه‌ر ده‌كرێت. هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه‌ى ناویان هاتووه و گوایه كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له دوبه‌ى كردووه، نكۆڵى له‌وه ده‌كه‌ن باسى ئه‌م بابه‌ته‌یان كرد بێت، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌ندێك له سیاسه‌تمه‌دارانى سوننه باس له‌وه ده‌كه‌ن، بیرۆكه‌ى دانانى هه‌رێمێك مافێكى ره‌وا و ده‌ستوورییه و ددان به‌وه‌یش ده‌نێن ئه‌م بیرۆكه‌یه له‌لایه‌ن به‌رپرسانى سوننه زیندوو بووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ى چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه، گوایه سه‌رۆكى لایه‌نه سوننه‌كان و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له دوبه‌ى كۆبوونه‌ته‌وه، تاوتوێى بابه‌تی دامه‌زراندنى هه‌رێمێكیان بۆ سوننه كردووه له باكور و رۆژئاواى عێراق، له‌شێوه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى ماده‌ى پێنجى ده‌ستوورى عێراق ده‌بێت كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه هه‌ر پارێزگایه‌ك یان چه‌ند پارێزگایه‌ك ده‌توانن هه‌رێمێك دابمه‌زرێنن.
بیرۆكه‌كه نوێ نییه
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه ده‌كات بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى هه‌رێمى سوننه نوێ نییه، به‌ڵكو پێشتر له ساڵى 2013 ئه‌و كاته‌ى نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بووه، ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو. ئه‌مه‌یش له‌و كاته‌دا بوو كه نوورى مالیكى پێشیلكارى دژ به خۆپێشانده‌ران و مانگرتووانى سوننه كرد، له شاره‌كانى باكور و رۆژئاواى عێراق. به‌ڵام ئێسته له دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا و ئێران له عێراق كه‌وتوونه‌ته ململانێى یه‌كتر ئه‌وا بابه‌ته‌كه زیندوو كراوه‌ته‌وه. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و خۆپێشاندانه‌ى كه له ماوه‌ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه سه‌رى هه‌ڵداوه، مه‌یلى تایفه‌گه‌رى له‌لایه‌ن عێراقییه‌كان كاڵ كردبووه‌وه، به‌ڵام ئێسته دواى رووداوه‌كانى دوو هه‌فته‌ى رابردوو خه‌ریكه جارێكى تر تایفه‌گه‌رى له عێراق سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
زۆربه‌ى بنكه سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كانى سوننه‌ن
بۆچى گومان له ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت؟
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ئه‌مه‌ریكا له پشت زیندووكردنه‌وه‌ى دانانى هه‌رێمى سوننه‌یه، چونكه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ له رێى ئه‌م پێكهاته‌یه‌وه به‌رگرى له‌مانه‌وه‌ى خۆى بكات. له راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا له پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراق باسى له‌وه كردووه، زۆربه‌ى بنكه سه‌ربازییه‌كانى له عێراق ده‌كه‌وێته ناوچه سوننییه‌كان، له‌لایه‌كى تریش سوننه له‌گه‌ڵ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا نه‌بووه. سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكا ئێسته كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كان گفتوگۆ ده‌كات له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبى قسه‌یان له‌گه‌ڵ ناكات، به‌ڵكو له سه‌ر بنه‌ماى پێكهاته‌ى سوننه.
به‌رپرسێكى عێراقى كه ناوى ئاشكرا نه‌كراوه به رۆژنامه‌كه ده‌ڵێ بیرۆكه‌كه یه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ ده‌نگدانى په‌رله‌مان بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا وروژێندرا، ئه‌و ده‌نگدانه ته‌نیا له رێى ئه‌ندامانى شیعه بوو، نوێنه‌رانى كورد و سوننه ئاماده نه‌بوون. لێره‌وه ئه‌مه‌ریكا كاتێك قسه له‌سه‌ر بڕیاره‌كه ده‌كات به بڕیارێكى ناكامڵ و نادروستى ده‌زانێت چونكه كۆده‌نگى پێكهاته‌كانى له‌سه‌ر نه‌بووه. هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رپرسه ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌كرد بنكه‌كانیان له ناوچه‌كانى سوننه‌یه، ئینجا كه‌وتنه خۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكهاته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى عه‌ره‌بى سوننه بكه‌ن.
كێ تایفه‌گه‌رى زیندوو ده‌كاته‌وه؟
سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس كه قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" كردووه و ناوى ئاشكرا نه‌كراوه، باسى له‌وه كردووه ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا به‌رژوه‌ندى له‌وه نییه تایفه‌گه‌رى زیندوو بكاته‌وه، به‌ڵكو لایه‌نه‌كانى سه‌ر به ئێرانیش به‌رژوه‌ندییان له‌وه هه‌یه تایفه‌گه‌رى زیندوو ببێته‌وه.
جیا له‌وه‌یش سه‌رچاوه‌كه كه له‌وه‌ده‌چێ سوننه بێت، باس له‌وه ده‌كات ئێران هۆكارێكه بۆئه‌وه‌ى سوننه‌كان داواى هه‌رێمى سه‌ربه‌خۆ بكه‌ن، ئه‌و ده‌ڵێ "هه‌ندێك كه‌سایه‌تى عه‌ره‌بى سوننه دانانى هه‌رێم وه‌ك بژارده‌یه‌ك ده‌زانن كاتێك ئێران ببێته شوێنگره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له عێراق، چونكه هه‌ر ئێرانه وا ده‌كات عێراق له ده‌وروبه‌رى خۆى دابڕاوتر بێت".
ئایا بیرۆكه‌ى هه‌رێمى سوننه سه‌رده‌كه‌وێت؟
ئه‌و سه‌رچاوه و به‌رپرسانه‌ى قسه‌یان بۆ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" كردووه، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه، دانانى هه‌رێمى سوننه له بارودۆخى ئێسته واقیعى نییه و زیاتر هه‌ڵچوونه، چه‌ند هۆكارێكیش بۆ ئه‌مه هه‌یه له‌وانه ناوچه‌كانى سوننه له شه‌ڕى داعش وێران كراون، زۆرینه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى ئاواره‌ن، هه‌روه‌ها له‌ڕووى جوگرافییه‌وه ئه‌و ناوچانه له‌گه‌ڵ سووریا هاوسنوورن كه بارودۆخى ئه‌وێش جێگیر نییه.