نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی ئاراستەی پێشمەرگە كرد

:: PM:03:34:17/10/2016 ‌

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا سوپاسی رۆڵی پێشمەرگە دەكات سەرباری تەنگژەی دارایی، بووەتە پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە و جەنگاوەری پاراستنی ئازادیی هەموو دنیا.

ئەمڕۆ دووشەم، 27ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی دەستپێكردنی شەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ، سوپاسی پێشمەرگە دەكات كە ئازایانە بەرامبەر هێزی تیرۆر وەستاونەتەوە و دووپاتیشی دەكاتەوە، سەرباری تەنگژەی دارایی، هەرێم زیاد لە دوو ملیۆن ئاوارەی داڵدە داوە بەبێ ئەوەی هاوكاریی پێویست بكرێت بۆ دابینكردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو پەنابەر و ئاوارانە.

بارزانی لە پەیامەكەیدا رای دەگەیەنێت، "پێشمەرگە و خێزان و كەسوكاری پێشمەرگەش بەبێ گوێدانە تەنگژە و خراپیی بارودۆخی دارایی، سەربڵندییەكی گەورەیان بۆ خۆیان و گەلی كوردستان تۆمار كردووە و شەڕی مووسڵیش دەبێتە لوتكەی ئەو شانازییەی پێشمەرگە كە ئەمڕۆ بوونەتە پارێزەری ئازادیی هەموو دنیا بەرامبەر هێزێكی دڕندە كە هەڕەشە لە هەموو ئازادییەكان و ئارامیی هەموو دنیا دەكات. شانازییە بۆ پێشمەرگە كە بووەتە پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە، هەروەها بووەتە جەنگاوەری پاراستنی ئازادیی هەموو دنیا".

زیاتر روون كراوەتەوە، "پێویستە دەوڵەتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی یەكجارەكیی داعش و نەهێشتنی زەمینەی دروستبوونی ڕێكخراوی هاوشێوەی داعش، بیر لە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی ئەو ناوچانە بكەنەوە كە كێشەكانیان دەبنە زەمینە و بناغەی دروستبوونی ئەو ڕێكخراوانە، لەبەرئەوەش دەبێ بە شێوەیەكی وشیارانە بیر لە سیستەم و ئیدارەیەكی گونجاو و چارەسەری سیاسییانە بكرێتەوە لەو ناوچەیەدا بۆ قۆناغی دوای داعش. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ڕۆڵگێڕانێكی بەهێز لە دروستكردنی چارەسەرێكی ئاشتییانە لە ناوچەكەدا".

لە كۆتادا سەرۆك وەزیرانی كوردستان هیوای خواست هێزی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە بەشداربووەكانی هەڵمەتی رزگاركردنی مووسڵ و هاووڵاتییانی سڤیلی ئەو شارە پارێزراو بن.


وشە - هیدایه‌ت جان