خۆپێشاندانەكان لە بەغدا و بەسڕە فرەوانتر دەبن

:: PM:08:55:22/01/2020 ‌

ئەمڕۆ لە سێیەم رۆژی كۆتاهاتنی وادەی ناسڕییە كە خۆپێشاندەرانی ئەو شارە بۆ حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراقیان دیاری كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی سەربەخۆ و دوور لە حزبە سیاسییەكانی دەسەڵات، ناڕەزایەتی فرەوان و رووبەڕووبوونەوە چەندان ناوچەی عێراقی گرتەوە لەوانە بەغدای پایەتەخت و بەسڕە.
خۆپێشاندەران لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ كۆنترۆڵكردنی رێگەی خێرای محەمەد قاسم
لە بەسڕە خۆپێشاندەران لە شەقامی ئەندەلوس رووبەڕووی هێزە تەناهییەكان بوونەوە و بەو هۆیەوە 16 كەس بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە تووشی هەناسەتەنگی بوونەوە، لەوكاتەی ئەوان دەیانویست هێرش بكەنە سەر بارەگای رێكخراوی بەدر و بیسووتێنن، بەڵام هێزە تەناهییەكان رووبەڕوویان بوونەوە و ئەوانیان بەرەو كۆڵانەكانی ئەو ناوچەیە بڵاوە پێ كرد.

لە بەغدای پایەتەخت و لە گۆڕەپانی تەیەڕان و لە نزیك شەقامی خێرای محەمەد قاسم لە ناوەڕاستی پایەتەخت رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رووی دا كاتێك ئەوان دەیانویست رێگەكە دابخەن، لەوكاتەی هێزە تەناهییەكان گازی فرمێسكڕێژ و گولەی راستەقینەیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران بەكار هینا و بەوهۆیەوە شەش بریندار هەیە، كەچی لە گۆڕەپانەكانی تەحریر و خلانی و وەسبە و گەیلانی خۆپێشاندەران ئاساییانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بۆیە خۆپێشاندەران ئەمڕۆش توانیان رێگەی محەمەد قاسم دابخەن.

لە نەجەف و سەرەڕای كەشوهەوای باراناوی خۆپێشاندەران رێگەی نێوان نەجەف و كەربەلایان داخست، خۆپێشاندەرانی واست رێگەی نێودەوڵەتیان لەگەڵ بەغدا داخست و لە بەسڕەیش رێگەی نێوان بەسڕە و بەغدا و نێوان خۆر زوبێر و ئوم قەسڕیان داخست و لە زیقاڕیش بەهەمان شێوە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل