بەم هەنگاوانە رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببەوە

:: PM:02:34:23/01/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە سنوورەكانی چین نەوەستاوە و لە چەند وڵاتێكی ئاسیاش بڵاوبووەتەوە تا گەیشتووەتە ئەمەریكا، ڤایرۆسەكە مەترسیدارە و ئەگەری گیانلەدەستدانی مرۆڤ بەهۆیەوە هەیە، بۆیە پێویستە تا بكرێت مرۆڤ خۆی و كەسوكارەكەی بپارێزێت.
خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن
ئەو ڤایرۆسە كۆمەڵێكی گەورەی ڤایرۆسن كە چەند نیشانەیەكی نەخۆشی تووشی مرۆڤ دەكەن، وەك سەرمابردوویی و هەناسەتەنگی و بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە نیشانەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تا و كۆكە و هەناسەتەنگی و و هەوكردنی توندی سییەكان و سكچوون، بڵاوبوونەوەیشی بەشێوەی پەتا دەبێت، كە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لەرێگەی پڕووشكی كۆكین یان بەركەوتنی تەنی پیسبوو بەو ڤایرۆسە.

تا ئێستە پێكوتەیەكی دیاریكراو بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە و ئەو چارەسەریەیشی هەیە تەنیا بەهێزكردنی بەرگری لەشە، لەوكاتەی دەتوانرێت بەو هەنگاوانە خۆتی لێ بپارێزیت: 

1-بە بەردەوام و دوای چوونەدەرەوە و هاتنەوەت، دەستەكانت بۆ ماوەی 20 چركە بە ئاو و سابوون بشۆ.
2-وریابە بەدەستی پیس و بەر لە شووشتنیان دەست لە چاو و لووت و دەمت مەدە. 
3-خۆت لەو كەسانە بەدوور بگرە كە ئەو نەخۆشیەیان هەیە.
4- ئەگەر تووشی نەخۆشییەكە بوویت، لە ماڵەوە دابنیشە.
5-خۆت لە نزیكبوونەوە و لەئامێزگرتن و ماچی كەسانیتر بپارێزە.
6-لەكاتی كۆكین و پژمیندا، دەمت بە پارچەیەك كلینكس بگرە و راستەوخۆ دوای بەكارهێنانی بیخە ناو تەنەكەی خۆڵەوە.
7-شتەكان و رووەكانی بەكاریان دێنیت و بەریان دەكەویت وەك دەسكی دەرگە و پەنجەرە و تەباخ و سەلاجە بە مادەی پاككەرەوە و بەجوانی پاك بكەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل