ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمزی به‌ریتانی بابه‌تێكی له‌باره‌ی ناكۆكی و شه‌ڕی ناوخۆی ئێران له‌سه‌ر شوێنگرتنه‌وه‌ی عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه شه‌ڕێكی قورسی ڕانه‌گه‌نراو و نهێنی له ئێران له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی خامنه‌یی ده‌ستی پێكردووه و ناشزانری چاره‌نووسی ڕژێمی ئیسلامی به كوێ ده‌گه‌یه‌نێت.
بوزورگ میهر نووسه‌رێكی ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمزی به‌ریتانی له بابه‌ته‌كه نووسیویه‌تی، ته‌نگژه‌ی شوێنگره‌وه‌ی "ڕێبه‌ر" به ته‌واوی سیاسییه‌كانی ئێرانی سه‌رقاڵ كردووه، ئه‌م بابه‌ته زۆر قوڵتر بووه‌وه كاتێك قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران به فه‌رمانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كۆتایی پێ هێنرا.
مه‌رگی قاسم سلێمانی له‌لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه وه‌ك ده‌رفه‌تێكی گه‌وره قۆزرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كده‌نگی ئێران به دنیا پێشان بدات و ته‌واوی ئه‌و بۆچوون و زانیارییانه ڕه‌ت بكاته‌وه كه دووپات له بوونی شه‌ڕێكی شاراوه له‌سه‌ر شوێنگره‌وه‌ی خودی خامنه‌یی بوونی هه‌یه، به‌وهۆیه‌وه خامنه‌یی گه‌وره‌ترین ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی بۆ سلێمانی ساز كرد و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندان مووشه‌كی ئاراسته‌ی بنكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كرد، ئه‌مه له ئاشكرادا وه‌ك ململانێی دوو وڵات و دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له ورده‌كارییدا ئه‌م جووڵه‌یه‌ی خامنه‌یی به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی ناوخۆ و ده‌رخستنی یه‌كگرتوویی سیاسییه‌كانی ئێران بوو به‌رانبه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌كان، كه ئه‌مه‌یش هه‌رچه‌نده باوه‌ڕی لای خه‌ڵكێكی زۆری ئاسایی ئێران دروست كردووه، كه ئه‌وانه‌ی له‌وباره‌وه ده‌گوترێ ته‌نیا قسه‌ن، به‌ڵام له ڕاستیدا دۆخه‌كه به ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه و كێشه‌ی گه‌وره له ناوخۆی ئێران بوونی هه‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه‌یش له‌لایه‌ن سوپای پاسداران ئێرانی تووشی شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، به‌ڵام خامنه‌یی نایه‌وێ ئه‌و هه‌وڵه‌ی مایه‌پووچ بێ، بۆیه هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی له به‌رانبه‌ر كوشتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له نێو فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌ر خه‌ریكی په‌رده‌پۆشكردنین، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ده‌ستی سوپای پاسداران له ئێران زۆر به‌هێزه و ته‌نانه‌ت خامنه‌ییش ناتوانێ به ته‌واوی ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه.
شوێنگره‌وه‌ی خامنه‌یی توندئاژۆ و ریفۆرمخوازان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌كاته‌وه
نووسه‌ر ده‌ڵێ، دۆخی ئێران و جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بژارده‌یه‌كی دووره و ئه‌سته‌مه ڕووبدات، به‌ڵام له ناوخۆی ئێران كێشه‌كان ڕوویان له زیادبوونه و ده‌كوڵێن، بۆیه ساڵانی داهاتوو گره‌وێكی گه‌وره‌ن بۆ سیسته‌می سیاسی ئیسلامی له ئێران، چونكه ناكۆكییه‌كانی ناوخۆ پێشبینی ده‌كرێ خودی سیسته‌مه‌كه بخوات و شه‌ڕه شاراوه‌كه ئاشكرا ببێت و دۆخی ناوخۆی وڵات بته‌قێته‌وه، بێگومان له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیش ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی سوپای پاسداران ده‌بێ، چونكه ئه‌وان هه‌موو جومگه گرنگه‌كانی وڵاتیان كۆنتڕۆڵ كردووه.
له به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه هاتووه، هه‌موو ئه‌و یارییه سیاسیانه‌ی ناوخۆی ئێران و ناوچه‌كه كه به یارمه‌تی وڵاتانی تر دروست بووه، له كۆتاییدا تاران و خامنه‌یی به تایبه‌تی ده‌یه‌وێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پاسداران بیقۆزێته‌وه، چونكه خه‌ریكه ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ر به ته‌واوی ده‌كه‌وێته ده‌ست پاسداران و به‌مه‌یش له داهاتوودا پاسداران ده‌توانن به ویستی خۆیان حكومه‌ته‌كان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و وڵات به ئاره‌زووی خۆیان ئاراسته بكه‌ن، كه ئه‌مه‌یش باڵی میانڕه‌و و چاكسازیخوازانی به ته‌واوی تووڕه كردووه.
پرۆسه‌كه به‌وشێوه‌یه كه پاسداران زۆر به‌هێزتر بكرێ و هه‌رگیز ڕێ نه‌درێ له دوای مه‌رگی خامنه‌یی كه‌سێكی ڕه‌وتی میانڕۆكان شوێنی ئه‌و بگرێته‌وه، به‌ڵكوو هه‌میشه ئه‌وانه‌ی توندڕۆن و خواسته شه‌ڕانگێزه‌كانیان ناشارنه‌وه و له باڵی پاسدارانه‌وه نزیكن ده‌یانه‌وێ ببن به شوێنگره‌وه‌ی خامنه‌یی و خۆیشی هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێت.
یه‌كێك له كه‌سه نزیكه‌كانی
خامنه‌یی له‌وباره‌وه گوتویه‌تی، ئه‌و پێشڤه‌چوونانه‌ی به‌م دواییه له ئاكامی كوشتنی سلێمانی، پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ باڵی توندئاژۆكان و خامنه‌یی دروست كردووه، زۆربه‌یان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ریكا بۆ جه‌نگ دژی ئێران ئاماده‌یه و پێویسته ئێرانیش ڕێبه‌رێكی به‌هێزی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه بپارێزێ و ڕووبه‌ڕووی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك ببێته‌وه.
پاسداران له هیچ ڕێبه‌رێكی قبووڵ ناكه‌ن ده‌ست بۆ سامان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ببات
ئاماژه دراوه، ئه‌وه‌ی ده‌مێكه پلانی بۆ داده‌ڕێژرێ ئه‌وه‌یه كه دوای مه‌رگی خامنه‌یی دانانی ڕێبه‌ر ده‌بێته قورسترین كار، چونكه پاسداران هه‌موو جومگه‌كانی وڵاتیان كۆنتڕۆڵ كردووه، بۆیه ناتوانرێ كه‌سێكی دژ به پاسداران بخرێته شوێنی خامنه‌یی و به ته‌واوی دژی ده‌وه‌ستنه‌وه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نابێت، بۆیه پێشبینی ده‌كرێ كه ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ر له ده‌ست سوپای پاسداران بمێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رانی ڕیفۆرمخواز لاواز بكه‌ن و له‌ناویان ببه‌ن، تا دواجار كه‌سێكی ده‌سته‌مۆی خۆیان بخه‌نه شوێنی خامنه‌یییه‌وه.
ئه‌میر موحبیان كه‌سێكی نزیك له به‌ره‌ی پارێزخوازان له‌وباره‌وه گوتی، پاسداران له ڕوانگه‌ی هێزه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و هیچ ڕێبه‌رێك بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی نابێت، هیچ كاتیش قبووڵ ناكه‌ن كه‌سێك بچێته سه‌ره كورسی خامنه‌یی كه هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكات، بۆیه ئه‌مه ئێران ده‌خاته ناو شه‌ڕێكی قووڵی شاراوه و ڕه‌نگه پرۆسه‌ی كوشتن و ڕفاندن و ژه‌هرخواردن له وڵات له داهاتوو زۆر به‌ربڵاو ببێت.