بزووتنەوەی ئیسلامی پرسی بێسەروشوێنكراوانی لەگەڵ یەكێتی هەڵدەداتەوە

:: AM:09:39:25/01/2020 ‌

ئەندامێكی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئەندامانی حزبەكەی بێسەروشوێن كردووە، ماوەی چەندان ساڵە پێوەندییان باش نییە و ساردی لە نێوانیان هەیە. كوڕی یەكێك لە بێسەروشوێنەكانیش شێوازی بێ دیارنەمانی باوكی دەگێڕێتەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئەو حزبەی كە لە لەگەڵ یەكێتی كەوتە شەڕی براكوژی و چەندان كوژراو و بریندار لە هەردوولا هەبوو، لە دوای تەواوبوونی شەڕ و گەڕانەوەی بزووتنەوەی لە ئێرانەوە، چەند ئەندام و بەرپرسێكیان بەگوتەی خۆیان "لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بێسەروشوێن كراون". چەندان جار داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو ئەندامانەیان كردووە، بەڵام یەكێتی وەڵامی نەداونەتەوە.
كەمال زرار ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند كە بزووتنەوەی ئیسلامی بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندام و بەرپرسی لەلایەن یەكێتییەوە بێسەروشوێن كران و دوای نزیكەی 20 ساڵ تا ئێستە نازانن ئەو ئەندامانە ماون یان نا، تا بۆ كەسوكارەكەیشیان ئاشكرا بن، هەرچەند سەردانی حزبی لە نێوان هەردوولا هەیە، بەڵام پێوەندییەكان ئاسایی نین و ساردی لە نێوانیان هەیە.

زرار روونی كردەوە كە مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە فەرمی داوای لە یەكێتی كردووە بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی بێسەروشوێنكراوەكان، بەڵام تا ئێستە لەلایەن ئەو حزبەوە بە باش و خراپ وەڵام نەدراونەتەوە. بەگوتەی ئەو " ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی بەستراوە بە ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنانە".

بزووتنەوە دەڵێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چوار ئەندام و بەرپرسی بزووتنەوەی ئیسلامی بێسەروشوێن كردووە، یەكێك لەوانە مەلا عابید بەرپرسی میحوەری سنووری هەورامان، كە پێش 17 ساڵ دیار نەما و تا ئێستەیش كەسوكارەكەی نازانن ماوە یان مردووە. 
هەروەها كوڕێكی مەلا عوسمان بە ناوی سەعید و كچەزایەكی بەناوی ئەحمەد لە كاتی شەڕی یەكێتی و بزووتنەوە بێسەروشوێن بوون.
سەرەڕای بێ سەروشوێنكردنی ئەو چوار ئەندامەی بزووتنەوە، ئەوكاتەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەكێتی شەڕی هەبووە، لە كۆتایی ساڵی 1993 و سەرەتای 1994، لە چەند گەڕێكی تری شەڕدا، نزیكەی 800 كوژراویان هەبوو، هەروەها دەیان بریندار و نزیكەی 15 كەسیشیان بە دیل كەوتنە دەستی یەكێتی، بەڵام ئەوكاتە هەریەكە لە حزبی سۆسیالست و شیوعی كەوتنە نێوان هەردوولا و دیلەكان ئازاد كران.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، "بەشێوەی نافەرمی ئەوەم بیستووە كە یەكێتی داوای سوڵحی كردبێت، بەڵام ئەمە فەرمی نییە و پشتڕاست نەكراوەتەوە، ئەگەر داوای سوڵحیش بكات، خۆی دەبێ چارەنووسیان دیاری بكات پێش سوڵحكردن". 
"مەلا عابید لە ناو ماڵی خۆی دەرهێنرا، لە كاتێكدا شەڕ و هەموو شتێك تەواو بووبوو، لەوكاتەوە كە ڕۆیشتووە ماوەی 17 ساڵە نەگەڕاوەتەوە و كەسوكاریشی نازانن چی بەسەر هاتووە" زرار وای گوت.


كوڕێكی مەلا عابید: 
باوكم حەوت جار لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبووەوە و دواین جار نەگەڕایەوە


زانیار مەلا عابید كوڕی گەورەی مەلا عابید، بە"وشە" دەڵێ، "باوكم بەرپرسی میحوەری تەوێڵە بوو، كەسی یەكەم بوو لە سنووری هەورامان، ئەندامی مەكتەبی عەسكەری  بزووتنەوە بوو، بەشداری هەموو شەڕەكانی كردووە لەگەڵ یەكێتی، دوای تەواوبوونی شەڕ و ڕۆیشتنی بزووتنەوە بۆ ئێران، لە ساڵی 2003، ئەوكاتەی گەڕاینەوە، باوكم بەپێی خۆی ڕۆیشت بۆ لای یەكێتی پێی گوتن هەرچی دەكەن لە ڕووی یاساوە ئامادەم لە بەردەم دادگا و با كێشەكان كۆتایی بێت."

زانیار ددانی بەوەدا نا كە یەكێتی نەچووە بە شوێن باوكیدا لە ماڵەوە بیبات، بەڵكو باوكی بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئازادی بژی، سەردانی بەرپرسانی یەكێتی كردووە و پێی ڕاگەیاندن كە دۆخەكە تەواو بووە و هیچ شتێكی لەگەڵ یەكێتی نەماوە. بەڵام بەگوتەی ئەو كوڕە، "باوكم حەوت جار سەردانی بەرپرسانی یەكێتی كرد لە سلێمانی تا بتوانێ بە ئازادی بسووڕێتەوە و كۆتا جار كە ڕۆیشت، نەگەڕایەوە كە 12ی تەمووزی 2003 بوو".

"باوكم لەو هاتوچۆیانەدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبووەوە، ڕێككەوتنیان كردبوو ئازاد بێت، چەند جارێكیش سەردانی دەباشانی كرد، لەو ماوەیەشدا سەردانی بەغدای كردبوو و بە ئازادی دەسووڕایەوە لە ناوچەكە، بەڵام كۆتاجار كە سەردانی بەرپرسانی یەكێتی كرد و نازانین لەگەڵ كێ كۆبووەوە، تەنیا بە ماممی گوتبوو سەردانی یەكێتی دەكەم لە سلێمانی و ئەمجارە لەوانەیە نەگەڕێمەوە، قسەكەیشی راست دەرچوو لەوكاتەوەی رۆیشتووە نەگەڕاوەتەوە" زانیار مەلا عابید وای گوت.
بەگوتەی زانیار، تا ئێستە هیچ كەسێك لەناو یەكێتی بە فەرمی قسەی لەسەر بێ سەروشوێنكردنی مەلا عابید و هیچكام لەو بێسەروشوێنانە نەكردووە، لە كاتێكدا چەندان جار نووسراویان بۆ مام جەلال كە سەرۆكی كۆمار بوو، سەرۆك بارزانی كە سەرۆكی هەرێم بوو، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكوومەت كە لە یەكێتی بوون، كردووە. بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.
لە كاتێكدا زانیار دەڵێ "تەنیا دەمانەوێ چارەنووسی باوكمان بزانین، هەر نەبێت ئەگەر مردووە با بزانین گۆڕەكەی لە كوێیە و هەندێك جار سەردانی بكەین".
لە بەرانبەردا محەمەد وەتمان ئەندامی سەركردایەتیی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، شەڕی ناوخۆ كە لە نێوان حزبەكان ڕووی دا، لەو نێوانەشدا شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی، بەدڵنیاییەوە بێسەروشوێن لە نێوان هەردوولا هەیە و كەسانی ناو بزووتنەوە بێسەروشوێن بوون، لەناو یەكێتیش ژمارەیەك بێسەروشوێن بوون، ئەمە شەڕە و هەموو شتێك ڕوو دەدات.

ئەو گوتی "ئەگەر بزووتنەوە داوای چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنانەی كردبێت و یەكێتی وەڵامی نەدابێتەوە، شتێكی نائاساییە، چونكە بۆ پرسێكی لەو شێوەیە دوای 20 ساڵ و زیاتریش، بڕوا ناكەم چیتر بزووتنەوە وەڵامێك لەلایەن یەكێتییەوە وەربگرێت، تەنیا ئەوەندە دەڵێم ئەو شەڕە یەخەی هەمووانی گرت، ئێستە دەمانەوێ پێوەندییەكی باش دروست بكەینەوە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی "وشە" كەوتوون، كەسوكاری نزیكی بێسەروشوێنانی بزووتنەوەی ئیسلامی، چەندان جار سكاڵایان لە ئاسایشی سلێمانی و دەزگە تەناهییەكانی سەربە یەكێتیی تۆمار كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكی سكاڵاكەیان نەدراوەتەوە.

وشە/ سلێمانی- تایبەت




وشە - تایبه‌ت