پەرلەمانتارێكی سەدر: كاندیدی سەرۆك وەزیران ئامادەیە و یەكلا كراوەتەوە

:: PM:05:36:25/01/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران و هەوڵی چۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی مانگرتن و ناڕەزایەتی لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراقەوە، پەرلەمانتارانی شیعە دووپاتی دەكەنەوە كە ئەم هەفتەیە كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا دەكەنەوە و ئەو كەسێكی نوێ دەبێت و ئەو پرسە یەكلا كراوەتەوە.
رێككەوتن لەسەر سەرۆك وەزیرانی نوێ كۆتایی هات
پێ دەچێت هێزە سیاسییەكانی شیعە بیانەوێ بە سەپاندنی كاندیدێك بەسەر خۆپێشاندەران پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ یەكلا بكەنەوە كە وەك لە وتاری دوێنێ هەینی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف هاتووە كە كاتێكی زۆری خایاند، بۆیە ئەوان دەستیان كردووە بەگوشاری راستەوخۆ و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان كە لەوێوە كاندیدی ئەوان رەت دەكرایەوە.

بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، سەر بە موقتەدا سەدر رای گەیاند كە دوای گەڕانەوەی سەرۆك كۆمار لە ئیتاڵیاوە ئەمڕۆ شەموو، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا كەسێكی نوێ و كتوپڕ بۆ هەمووان بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت كە تەواو دوورە لە هەموو ئەو كەسایەتیانەی لە راگەیاندنەكانەوە خرابوونە روو.

زیاتر گوتی، ئەو كەسە نوێیە كەسێكی سەربەخۆ و قبووڵكراوە لای هەمووان و سازان و رێككەوتن لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە لەسەرە و دووپاتی كردەوە كە پرسی راسپاردنی ئەو كەسە كۆتایی هاتووە. 

لای خۆیەوە فازڵ جابر پەرلەمانتاری "فەتح"، ئاماژەی كرد، زۆرینەی داواكاریی خۆپێشاندەران سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی نوێ هاتە دی و ئەوەی ماوە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێیە كە ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو یان بەیانی یەكشەم سەرۆك كۆمار لەسەر داوای خۆپێشاندەران و مەرجەعیەتی باڵا كاندیدی پۆستەكە دیاری دەكات. 

لای خۆیەوە محەمەد تۆفیق عەلاوی، كاندیدێكی سەرۆك وەزیران لە تویتێك نووسیویەتی، داوا لە حكوومەتی دەستلەكاركێشاوە دەكەین گیانی خۆپێشاندەران بپارێزێت و رێگریش لە بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژیان بكات كە ئەوان داوای مافی خۆیان دەكەن، بۆیە رێز لە هاووڵاتی و بۆچوونەكانی بگرن.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل