ئەیاد عەلاوی: سەپاندنی كاندیدێكی سەرۆك وەزیران لە دەرەوە رەت دەكرێتەوە

:: PM:07:43:26/01/2020 ‌

ئێستە عێراق لە چاوەڕوانی راگەیاندنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانە كە لیستێك دراوەتە سەرۆك كۆماری عێراق بۆ راسپاردنی یەكێكیان، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی منبەری عێراقی دەڵێت، هەر كاندیدێك لە دەرەوە بێتە سەپاندن لە ناوەندی سیاسی و جەماوەرییەوە دێتە رەتكردنەوە. 
تەنگژەیەكی گەورە دروست دەكات و دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات
عەلاوی لە تویتێك نووسیویەتی، ئەو كاندیدیەی بە بڕیار و كاریگەریی دەرەكیی ئێرانی یان وڵاتی تر دوور لە خواستی گەلی راپەڕیوی عێراق بێت، پێش خستنەڕووی لە ناوەندی سیاسی و جەماوەرییەوە، دێتە رەتكرنەوە و تەنگژەیەكی گەورە دروست دەكات و دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات، روونی كردەوە، ئەو بزاوە جەماوەرییەی وڵاتی داگرتووەتەوە تەواو عێراقییە و هەر راسپاردنێك یان كاریگەرییەكی دەرەكی رەت دەكاتەوە.

لای خۆیەوە عەلی تمیمی شارەزای یاسایی روونی كردەوە كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەسەڵاتی هەیە كەسایەتییەكی سەربەخۆ و قبووڵكراو لەلایەن شەقامی عێراقی و دوور لە كاندیدی فراكسیۆنی گەورە رابسپێرێت، ئەگەریش لەناو پەرلەمان دەنگی پێ نەدرێت، ئەو پاڵپشتی جەماوەری هەیە كە سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە.

ئەمڕۆ محەمەد خالیدی، سەرۆكی هاوپەیمانی بەیارق ئەلخەیر گوتی، لیستێكی یەدەگ بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆكی حكوومەت هەیە كە لە پێنج ناو پێكهاتووە و لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاندیدبوونیان رێك كەوتوون، لەوانە دوویان چانسی زیاتریان هەیە و سێیەكەی تر یەدەگن و ئەگەر ئەو دووە رەت كرانەوە ئەوان دێنە پێشەوە، زیاتر گوتی، بڕیارە دوای گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان، لە ماوەی ئەم هەفتەیە ئەو پرسە یەكلا دەبێتەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل