چەند مووشەكێك لەنزیك ناوچەی سەوز كەوتنە خوارەوە

:: PM:08:08:26/01/2020 ‌

دوای ماوەیەك لە بێدەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم ژمارەیەك مووشەكی جۆری كاتیۆشا لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتنە خوارەوە.
هەوڵەكان بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی بەغدا بەدەوامە
ناوچەی سەوزی بەغدا كە پارێزراوترین ناوچەی عێراقە لە رووی تەناهییەوە و دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و بارەگای پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار و حكوومەت و وەزارەتەكانی عێراق و بانكی ناوەندی و نێردە دیپلۆماسی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەخۆ دەگرێت.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم ناوچەی سەوزی بەغدا بە پێنج مووشەكی كاتیۆشا بۆردمان كراوە و مووشەكەكانی لە نزیك ئەو ناوچەیە كەوتوونەتە خوارەوە و بەو هۆیەوەیش باڵوێزخانەی ئەمەریكا فیكەی ئاگەداركردنەوەی لێ داوە، لەوكاتەی نێردە دیپلۆماسییەكان رێنوێنیان داوەتە كارمەندانیان خۆیان لە شوێنی تایبەت بپارێزن.

شایەنی باسە ناوە ناوە ناوچەی سەوز و دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەكرێتە ئامانجی مووشەكەكان كە دواجار سێشەمی رابردوو بوو كە شانەی راگەیاندنی جەنگ رای گەیاند كە سێ مووشەكی كاتیۆشا لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتووەتە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێكی هەبێت.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل