لە شەش ساڵدا نیو ملیۆن كەس عێراقیان جێهێشتووە و 413 كەس بوونەتە قوربانی

:: AM:11:44:27/01/2020 ‌
دەزگای /لوتكە/ بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئاماری شەش ساڵی كۆچی پەنابەرانی عێراق و هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كرد. بەپێی ئامارەكە بێت لەم ماوەیەدا زیاتر لە نیو ملیۆن عێراقی روویان لە 35 وڵاتی جیاواز كردووە و بەهۆیەوە 413 كەس بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی كانوونی دووەم، دەزگای /لوتكە/ بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئاماری شەش ساڵی پەنابەرانی ئاشكرا كرد. بەگوێرەی ئامارەكە بێت، لە شەش ساڵی رابردوودا 562 هەزار و 293 كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ 35 وڵاتی دنیا كۆچیان كردووە، لەم ژمارەیەشدا 413 كەس بوونەتە قوربانی.

ساڵی 2015 زۆرترین كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو دەرەوە كۆچیان كردووە كە 186 هەزار و 422 كەسن، لەم ژمارەیە 25 كەس گیانیان لە دەست داوە و حەوت كەسی تریش بێسەروشوێنن. لە 2016دا ژمارەی كۆچبەران بۆ 160 هەزار و 717 كەس دابەزیوە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە، بۆ 78 كەس هەڵكشاوە و 54 كەسیش بێسەروشوێنن، بەمەش زۆرترین قوربانی لە 2016دا تۆمار كراوە.

لەم مانگەدا 24 كەس بوونەتە قوربانی


هەر بەپێی ئامارەكەی دەزگای /لوتكە/ بێت كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، لە 2017دا ژمارەی كۆچ بۆ دەرەوەی عێراق بۆ نیوە دابەزیوە، تەنیا 92 هەزار و 691 كەس عێراقیان جێهێشتووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان و راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش، هەر لەو ساڵەدا 29 پەنابەر گیانیان لە دەست داوە و 67ـی تریش بێسەروشوێنن.

ژمارەكان ساڵ دوای ساڵ كەمتر دەبن، لە 2018دا تەنیا 69 هەزار و 203 عێراقی و كوردستانی كۆچیان كردووە، لەم ژمارەیەشدا 54 كەسیان گیانیان لە دەست داوە و 18ـی تریش بێسەروشوێنن، لە 2019دا ژمارەی پەنابەران بە بەراورد بە 2016 بۆ كەمتر لە دوو لەسەر سێ كەمی كردووە و تەنیا 53 هەزار و 240 كەس كۆچیان كردووە، لەم كۆچەشدا 47 كەس گیانیان لە دەست داوە و 10ـی تریش بێسەروشوێنن.

لە 27 رۆژی رابردووی 2020، كۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی وەرگەڕانی یەختێكی پەنابەران لە دەریایەكی نێوان یۆنان و ئیتالیا، نۆ پەنابەر گیانیان لە دەست دا و 15ـی تریش بێسەروشوێنن.

دەزگای /لوتكە/ رێكخراوێكی ناحكوومییە و نوێنەریان لە زۆر لە وڵاتانی دنیادا هەیە، بەتایبەت توركیا و یۆنان، كاری ئەو دەزگایە چاودێریی كۆچی پەنابەرانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە دەكات. 




وشە - فه‌رمان سادق