زانایانى بوارى میسڕى كۆن تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌یر ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌توانن كۆئه‌ندامى ده‌نگى جه‌سته‌یه‌كى مۆمیاكراوى كۆنى فیرعه‌ونى بهێنه ده‌نگ كه سێ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مردووه.
رۆژنامه‌ى
ئێندپێدنتى به‌ریتانى له راپۆرتێكدا باس له دوایین تاقیكردنه‌وه‌ى ده‌كات كه زایانى میسرى كۆن، له‌سه‌ر یه‌كێك له جه‌سته مۆمیاكراوه‌كانى فیرعه‌ونییان كردووه و توانیویانه جه‌سته‌كه بهێننه ده‌نگ. له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه هاتووه "له رووداوێك كه له خه‌یاڵى زانستى ده‌چێت، توێژه‌ران ئاشكرایان كرد، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكشیان ئه‌نجام داوه بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م جار له مێژوودا به ده‌نگى جه‌سته‌یه‌كى میسڕى كۆن بگه‌ن، كه سێ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مردووه و مۆمیا كراوه".
دوایین قسه‌ى مۆمیاییه‌ك به ده‌نگ ده‌دۆزرێته‌وه
مۆمیاكه هى جه‌سته‌ى پیاوێكى ئاینى میسڕى كۆن بووه كه به "نسیامۆن" ناسراوه، بڕواى ئه‌وه هه‌یه له‌سه‌رده‌مى رامیسى یانزه‌م ژیاوه، زانایان پێیانوایه ئه‌م پیاوه به خنكان، یانیش به‌هۆى پێوه‌دانى مێروو مردووه. ئه‌و مۆمیایه‌یش كه دنیاى تووشى سه‌رسامى كردووه، ئێته له مۆزه‌خانه‌ى لیدزه له به‌ریتانیا.
وه‌ك له راپۆرته‌كه ده‌رده‌كه‌وێت تاقیكردنه‌وه‌كه كارێكى ئاسان نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ڵساون به دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى كه له قوڕگى مۆمیاكه ده‌نگ دروست ده‌كه‌ن، دواتریش به شێوازێكى دیجیته‌ڵى دروستیان كردووه‌ته‌وه و له شێوه‌ى D3 تۆماریان كردووه، به‌مشێوه‌یه‌ش توانیویانه ده‌نگه‌كه به‌رهه‌م بهێنن.
د‌یڤید هوارد سه‌رۆكى به‌شى ئه‌ندازه‌ى ئه‌لكترۆنى له رویال هولیواى زانكۆى له‌نده‌ن ده‌ڵێ "بڕواى ئه‌وه هه‌یه ئه‌و ده‌نگه‌ى نسیامۆن كه تۆمار كراوه، دواى مردن راسته‌وخۆ له‌ناو تابووته‌كه‌وه له ده‌مییه‌وه ده‌رچووه، شێوازى قوڕگى و رێڕه‌وى ده‌نگى به‌شێوه‌یه‌ك نیشان ده‌دات ده‌نگی له پیاوى ئاسایى ئێسته به‌رزتر بووه".
هوارد ئه‌وه‌یش روون ده‌كاته‌وه، به‌رهه‌مهێنانى ده‌نگه‌كه له رێى تێپه‌ڕاندنى هه‌وایه به قوڕگى ئه‌و كه‌سه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت و دواتریش به رێڕه‌وه‌كانى تر‌ى ده‌نگ ده‌ڕوات تا تایبه‌تمه‌ندى ده‌نگى كه‌سه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت. دووپاتی ئه‌وه‌یش ده‌كاته‌وه پێشتر ئه‌م جۆره تاقیكردنه‌وه‌یه كراوه، به‌ڵام له‌سه‌ر كه‌سانى زیندوو نه‌وه‌ك مردوو.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه ته‌نیا بۆ نسیامۆن كراوه، زانیان ده‌ڵێن كۆئه‌ندامى ده‌نگى و قوڕگى ئه‌م مۆمیایه له حاڵه‌تێكى باش ماوه‌ته‌وه، كه ده‌كرێت وێنه‌ى به‌شێوه‌ى سێ ره‌هه‌ندى بگیرێت، دواتریش كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مێهانى ده‌نگه‌كه ده‌كرێت.
دووپاتى ئه‌وه‌یش ده‌كه‌نه‌وه ئه‌و ده‌نگه‌ى له مۆمیاكه بیستراوه ده‌نگى دروستكراوه بووه، به‌ڵام هاوشێوه‌ى دواین وشه بووه، كه ئه‌م پیاوه دركاندوویه‌تى. ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌كان له باره‌ى مردنى نسیامۆن راست بووبێت گوایه به پێوه‌دانى مێروو مردووه، دواتریش له په‌رستگه‌ى كرنك له شارى ئه‌قسه‌رى باشوورى میسر نێژراوه، ئه‌وا له تاقیكردنه‌وه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت بڕگه‌كانى وشه‌كه‌ى له شێوه‌ى "ئیاه"بووه، یانیش ئه‌گه‌ر به پیتى لاتینى بنووسرێت ئه‌وا به‌مشێوه‌یه بووه " eeyhhh " .
به‌م دۆزینه‌وه‌یه ده‌توانرێت چه‌ندان نهێنى فیرعه‌ونه‌كان ئاشكرا بكرێت
ئایا ده‌كرێت ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ مۆمیاكانى تر دووباره بكرێته‌وه؟ به‌تایبه‌تى بۆئه‌وه‌ى بزانرێت دوایین وشه‌ى فیرعه‌ونه‌كانى میسرى كۆن چى بووه. توێژه‌ران ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌وا له‌وانه‌یه چه‌ندان نهێنى فیرعه‌ونه‌كان ئاشكرا بێت، له‌وانه توت عه‌نخ ئاموون چۆن مردووه.
به‌سام شه‌ماع كه نووسه‌ر و زانایه‌كى بوارى میسڕى كۆنه له راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "ئیندپێندنت" ده‌ڵێ "ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه بووه‌ته قسه‌وباسى دنیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دنیاى میسرى كۆن دنیاى جادوو و ئه‌فسانه‌یه، هه‌وڵدان بۆ دواندنى مۆمیاییه‌ك كه سێ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مردووه، كارێكى سه‌رنجڕاكێشه".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌ماع گومانى هه‌یه و ده‌ڵێ "هه‌ندێك ورده‌كارى هه‌یه ئه‌و توێژه‌رانه باسیان كردووه نالۆژیكییه، ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و ده‌نگه‌ى هاتووه هى پیاوه‌كه له ناو تابووت بووه، چۆن ده‌كرێت ئه‌و پیاوه ئایینیه له ناو تابووت مردبێت. كارى ئاسایى ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌مرێت و دواتر مۆمیا ده‌كرێت و ئینجا له‌ناو تابووت داده‌نرێت و ده‌خرێته گۆڕه‌وه، له‌وێوه به‌گوێره‌ى بۆچوونى میسری كۆن به‌ره‌و دنیایه‌كى تر ده‌چێت".
شه‌ماع و توێژه‌رانى تر باس له‌وه ده‌كه‌ن، نسیامۆن نووسه‌ر و پیاوێكى ئاینى بووه، پێگه‌یه‌كى زۆر به‌رزى له كۆمه‌ڵگه‌ى میسڕى كۆن هه‌بووه، شه‌ماع ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ره‌نگه ئه‌م پیاوه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له سێداره‌درا بێت، واته به زیندوویى له تابووت نرابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵنیا نییه و ده‌ڵێ زۆر بابه‌تى ئاڵۆز هه‌ن هێشتا روون نه‌بوونه‌ته‌وه.
كه‌چى توێژه‌رانى تر ده‌ڵێ ئه‌و وشه‌یه‌ى هاتووته سه‌ر زار نسیامۆن دوایین وشه‌ى تابووت بووه، به‌ڵام یه‌كه‌م وشه بووه به‌گوێره‌ى باوه‌ڕى میسرى كۆن، بۆئه‌وه‌ى به‌ره‌و دنیایه‌كى تر بڕوا كه دنیاى نه‌مرییه، جگه له‌وه‌یش له ته‌نیشتى تابووته‌كه له پاڵ ناوى نسیامۆن گرێى "راستى ده‌نگ"نووسراوه.