شاندی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا

:: AM:09:45:28/01/2020 ‌
شاندێكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق كۆببنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی كانوونی دووەم، فارس عیسا نوێنەری هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا كە پێكهاتوون لە خالید شوانی و عەبدولكەریم خەسرەو.

گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر كێشەی زەویوزاری كەركووك و مادەی 140ـی دەستووری عێراق 
نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتی، ئامانجی سەرەكیی شاندەكە گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر كێشەی زەویوزاری كەركووك و مادەی 140ـی دەستووری عێراق، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەری عێراق كۆ دەبنەوە.

لەگەڵ پێكهێنانی‌ كابینەی‌ نۆیەمی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، یەكێك لە ئامانجەكانی‌ وەك ئەوەی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان گوتی‌، چارەسەری‌ كێشەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدایە. لە ماوەی‌ ڕابردوویشدا چەندان شاندی‌ نێوان هەردوولا كۆبوونەوە، بەڵام دوای‌ دروستبوونی‌ گرژی‌ لە بەغدا، كۆبوونەوەكان دواكەوتن.



وشە - رامیار جەواد