شارەزایەك: بەمنزیكانە ئەمەریكا وەڵامی مووشەكبارانكردنی باڵوێزخانەكەی دەداتەوە

:: PM:05:33:28/01/2020 ‌

 هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیە ژمارەیەك مووشەك ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا كران، دوای رووداوەكە حكوومەتی عێراق بەپەلە دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد و گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی خۆپان لەو هێرشانە بێبەری كرد، شارەزایەكی سەربازی دووپاتی دەكاتەوە كە بەمنزیكانە ئەمەریكا وەڵامی بۆ مووشەكبارانكردنی باڵوێزخانەكەی دەبێت.
ئەمەریكا: گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران هەڕەشەن
دوای رووداوەكە گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە پابەندی پاراستنی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریكا لە بەغدا بێت و دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە دۆخی تەناهی لە عێراق ئاڵۆزە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران هەڕەشەن، بۆیە بەچاوكراوەیی دەمێنینەوە.

لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ حكوومەتی عێراق دەتوانێت ئاسایشی باڵوێزخانە و نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا بپارێزیت و وەڵامی ئەمەریكا چی دەبێت؟، سەرمەد بەیاتی شارەزای سەربازی عێراقی دەڵێت، پێویستە حكوومەتی عێراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامرازی پێویستی هەبێت بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان كە بەكردەنی هەیەتی، بۆیە حكوومەتی سەكۆكانی هەڵدانی مووشەكی دۆزییەوە، بەڵام ئەوەی سەیرە نەیتوانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بگرێت. 

زیاتر گوتی، چەند گرووپێكی جیابووەوە لە گرووپە سەرەكییەكانی حەشدی شەعبی هەن رەنگە ئەوان دەستیان لەو مووشەكبارانكردنەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا هەبووبێت، لەگەڵ ئەوەیش پێویستە بەرپرسانی عێراق بزانن كە ئەو مووشەكانە لەكوێوە هەڵدەدرێن، كە دەیزانن، بۆیە كەسانێك هەن دەیانەوێ دۆخەكە لەنێوان ئەمەریكا و گرووپەكانی حەشدی شەعبی بشێوێت و ئەمەریكا بەرەو وەڵامدانەوە پاڵ بدەن، كە ئەگەر هەیە بەمنزیكانە وەڵامیان بداتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل