ترەمپ دەستەوارەی سەدەی راگەیاند: قودس پایەتەختی یەكگرتووی ئیسرائیلە

:: PM:09:03:28/01/2020 ‌

بە ئامادەبوونی بنیامین نەتەنباهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پلانی پێشبینیكراوی ئاشتی لەنێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەكان راگەیاند كە بە دەستەوارەی سەدە ناسراوە.
بە بەهای 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری دەكرێت
ترەمپ لە میانی وتارێكی ناوەڕۆكی پلانەكەی بۆ ئاشتی راگەیاند و گوتی، ئەمڕۆ ئیسرائیل هەنگاوێكی گەورە بەرەو ئاشتی دەنێت و ئەو پلانە ئاشتییەی لەنێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینییەكان پێشبینی كراوە، هەنگاوێكی بەهێزە بەرەو پێشەوە و دووپاتی كردەوە كە پلانەكەی تەواو جیاوازە لە پلانەكانی پێشووی ئەمەریكا لەو بارەوە. 

ترەمپ دووپاتی كردەوە كە گەلی فەڵەستینی شایستەی ژیانێكی باشترە لەبری ئەوانەی سوود لە دۆخەكە دەبینن بۆ بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر دەیانەوێ، بۆیە پلانەكە پشت بە گفتوگۆی راستەوخۆ دەبەستێت و بەپێی دیدی ئێمە قودس وەك پایەتەختێكی دابەش نەكراوی ئیسرائیل دەمێنێتەوە و پێشتریش دانم بەوەدا ناوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی رایان گەیاند كە ترەمپ پێشنیازی چارەسەركردنی كێشەكە بە دامەزراندنی دوو دەوڵەت، ئیسرائیل و فەڵەستین دەكات، بەوەی قودسی رۆژهەڵات پایەتەختی فەڵەستین بێت و ئیسرائیل بەوە رازی بووە لەبەرانبەر دابینكردنی ئاسایش و پارێزی بۆ هاووڵاتییانی.

زیاتر گوتیان، ئیسرائیل رێز لە پێگەی مێژوویی مزگەوتی ئەقسا دەگرێت، هەروەها رۆڵی ئوردن سەبارەت بە شوێنە پیرۆزەكان بەمەبەستی رێگەدان بە موسڵمانان بۆ سەردایكردنی مزگەوتەكە و ئەمەریكایش دان بە كۆمەڵگەكانی جێنشینی ئیسرائیلی لە بەرەی رۆئژاوا دەنێت و ئیسرائیل بە وەستاندنی دروستكردنی كۆمەڵگەی نوێ بۆ ماوەی چوار ساڵ دەوەستێت هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی.

گارید كۆشنێر، راوێژكاری باڵای كۆشكی سپی وتوێژەكانی پلانی ئاشتی بەڕێوە دەبات كە لە مەنامە لە 25ی یۆنیۆی رابردوو قۆناغی یەكەمی پلانەكەی خستە روو كە بریتی بوو لە وەبەرهێنانكردنی بە بەهای 50 ملیار دۆلار لە ماوەی 10 ساڵ بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی ناوچەكە، پلانەكە باسی ئەوەش دەكات كە ئاوارەكانی فەڵەستینی دەتوانن بگەڕێنەوە ئەو دەوڵەتەی دروست دەبێت و قەرەبوو دەكرێنەوە و هەردوو بەرەكەی فەڵەستین كەرتی غەزە و بەرەی رۆژئاوا بە رێگە و پرد و توونێل بەیەكەوە دەبەسترێنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل