كۆرۆنا گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:12:11:29/01/2020 ‌

ڤایرۆسی مەترسیداری كۆرۆنا گەیشتووەتە 16 وڵاتی دنیا و یەكەم حاڵەتی ئەو ڤایرۆسە لە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیش تۆمار كرا.

ئەمڕۆ چوارشەم  29ی کانوونی دووەمی 2020 ، وەزارەتی تەندروستی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بڵاوی كردەوە، توانیویانە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە وڵاتەكەیان تۆمار بكەن.

"مێهر نیوز" بڵاوی كردەوە، كەسی تووشبوو خەڵكی ئیمارات نییە، بەڵكو لە چینەوە گەشتی كردووە و دوای ئەوەی بە ڤایرۆسەكەیان زانیوە، خستوویانەتە ژێر چاودێری چڕی پزیشكییەوە.

پێویستە بگوترێ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتاكانی ساڵی رابردوو لە پارێزگایەكی چین سەری هەڵدا، بەڵام ئێستە گەیشتووەتە 30 پارێزگای چین و حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە لە 16 وڵاتی تری دنیا راگەیەنراوە.

وڵاتان بۆ پێشگیریكردن لەم ڤایرۆسە، رێوشوێنی نوێیان گرتووەتەبەر. ئوسترالیا بۆ پێشگیریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەموو ئەو كەسانەی لە چین سەردانی وڵاتەكە دەكەن یان لە چین دەگەڕێنەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دوورگەیەكی تایبەتی چاودێری دەكات و كە دڵنیا بوو ڤایرۆسەكەی نییە، رێیان پێ دەدات بێنە ناو كۆمەڵگاوە. 

ڤایرۆسەكە وەك هەر ڤایرۆسێكی تر ماوەیەك نیشانەی سەرەتایی وەك تا و پشووسواری هەیە كە لەوانەیە كەسەكە خۆی هەستی پێ نەكات، دوو هەفتە دەخایەنێ تا كاریگەرییەكانی ڤایرۆسەكە بە تەواوی لەسەر لەشی مرۆڤ دەربكەوێت.
تا ئێستە لەو وڵاتە 132 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە

كۆمسیۆنی تەندروستی چین بڵاوی كردەوە، تا ئێستە لەو وڵاتە 132 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە و بە هەزاران كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

پێویستە بگوترێ وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ هەرێمی كوردستان، رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر، چونكە هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی زۆری بازرگانیی لەگەڵ چیندا هەیە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان سەردانی چین دەكەن.




وشە - سلێمان تاشان