فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ئامانجی هێرشەكەی ئەمڕۆ جێبەجێ كرا

:: PM:04:43:17/10/2016 ‌

لە ئەنجامی پێشڕەوییەكانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەكانی كوردستان توانرا 200 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە و تەواوی ئامانجی ئەو پلانەی دانرابوو بە تەواوی و بە سەركەوتوویی پێكراوە.

شێخ عەتۆ زێباری جێگری سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم توانرا سەرجەم ئەو خاڵانەی بۆ هێزەكان دیاریی كرابوو بە تەواوی جێبەجێ كران، نۆ گوندی ناوچەكە كە پێشتر لەژێر دەستی تیرۆریستاندا بوون، بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كرانەوە.

هەروەها گوتی، هەڵمەتەكەی ئەمڕۆ هەموو ئەو خاڵانەی بۆی دیاریی كرابوو، بە تەواوی بەدی هێنران و توانراوە 200 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، گورزی كەمەرشكێن لە هێرشەكانی ئەمڕۆ لە تیرۆریستان درا و زیانی زۆری مادی و گیانی بە رێكخراوی تیرۆریسی داعش گەیەنرا.


بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ گوندەكانی خوارووی چیای زەرتك لە میحوەری خازر (خۆرهەڵاتی مووسڵ) و تا ئێستە هێرشەكە بەردەوامە و تیرۆریستان لە شكستدان و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە پێنج میحوەرەوە دەبێ: گەیارە، گوێڕ، خازر، بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی دەكەن.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - رامیار جەواد