ئێران هه‌وڵ ده‌دات نوورى مالیكى و موقته‌دا سه‌در ئاشت بكاته‌وه، به‌مه‌یش جارێكى تر مالیكى ده‌هێنێته‌وه سه‌ر شانۆى سیاسیى عێراق، چونكه مالیكى یه‌كێكه له‌و هاوپه‌یمانانه‌ى ئێران بێ هیچ هه‌رایه‌ك رێنوێنییه‌كانى ئێران جێبه‌جێ ده‌كات.
سه‌رچاوه سیاسییه‌كانى عێراق ئاشكراى ده‌كه‌ن، ئێران هه‌ڵمه‌تێكى ئێران بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ى نوورى مالیكى و موقته‌دا سه‌در ده‌ستى پێ كردووه، چاودێرانى سیاسیش ده‌ڵێن ئاشتبوونه‌وه‌ى ئه‌م دووانه كارنامه‌ى سیاسیى ئێران له عێراق ئاسانتر ده‌كات.
ئێران سه‌در و مالیكى ئاشت ده‌كاته‌وه
رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌ب" كه به‌زمانى عه‌ره‌بى له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، له راپۆرتێكدا ده‌ڵێ سه‌رچاوه سیاسییه‌كان له به‌غدا ئاشكرایان كردووه، هه‌ڵمه‌تێكى ئێران ده‌ستى پێ كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كانى نێوان نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساى و موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در. سه‌رچاوه‌كان گوتوویانه ئامانجى ئێران له‌و كاره ئه‌وه‌یه كۆتا به ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه‌كان بهێنى كه خه‌ریكه مانگى پێنجه‌م ته‌واو ده‌كات و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بێت، ئه‌وا گۆڕانكارییه‌كى قووڵ له چینى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كان پێیان وایه تاران ئامانجێكى تریشى هه‌یه و ده‌یه‌وێ به نزیككردنه‌وه‌ى نوورى مالیكى و موقته‌دا سه‌در، چانسى پڕۆژه‌ى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق زیاتر بكات. سه‌رچاوه‌كان به رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب"یان گوتووه چه‌ند مانگێكه موقته‌دا سه‌در له ئێرانه به بیانووى خوێندن، به‌رپرسانى ئێرانیش ئه‌مه به هه‌لێك ده‌زانن بۆ كردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى پێوه‌ندى سه‌در و مالیكى كه چه‌ند ساڵێك نیشانه‌یه‌كى زه‌ق بووه له دووبه‌ره‌كى سیاسى ناو ماڵى شیعه.
سه‌رچاوه سیاسییه‌كان كه رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب به سه‌رچاوه‌ى باڵا وه‌سفیان ده‌كات، ده‌ڵێن دواى كوشتنى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران به ده‌ستى ئه‌مه‌ریكا، ئێران ئامانجێكى ستراتیجى نوێى دانه‌وه، بڕگه‌یه‌كى ئامانجه‌كه ئاشتكردنه‌وه‌ى نێوان مالیكى و سه‌دره.
ئه‌و به‌رپرسانه كه ئاگه‌داری چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى سیاسین، له ژێر په‌رده‌دا ده‌ڵێن بارودۆخى ئێسته‌ى ئێران به‌رگه‌ى دووبه‌ره‌كى هاوپه‌یمانانى ناكرێت، بۆیه ئێران هه‌وڵ ده‌دات له یه‌كتریان نزیك بكاته‌وه.
هه‌رچه‌نده پێشتریش ئێران ئه‌م هه‌وڵه‌ى هه‌بووه، به‌ڵام هۆكارێكى تر كه وا ده‌كات ئێران به هه‌لى بزانێت ئه‌وه‌یه، هاوپه‌یمانى هادى عامرى سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در له‌گه‌ڵ سه‌در شكستى هێناوه، له راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بدا هاتووه، "شكستى هاوپه‌یمانێتى هادى عامرى سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هاوكارى ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ سه‌در، هه‌لێكه بۆ مالیكى بۆ ئه‌وه‌ى جارێكی تر بێته‌وه سه‌ر ته‌ختى شانۆى سیاسى له عێراق. ده‌شزانرێت له ماوه‌ى 2006 تا 2014دا نوورى مالیكى سه‌لماندوویه‌تى ئه‌و یه‌كێك له‌و هاوپه‌یمانانه‌ى ئێرانه كه بێ هیچ ده‌نگه‌ده‌نگێك رێنوێنییه‌كانى ئێران جێبه‌جێ ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له‌وانه‌یه نوێنه‌رانى سه‌در و مالیكى له شارى قوم گفتوگۆیان كردبێت، یان له داهاتوویه‌كى نزیك له‌وێ بكرێت تا گریمانه‌ى نه‌هێشتنى ناكۆكییه‌كان جێبه‌جێ بكرێت.
په‌یامنێرى عه‌ره‌ب له به‌غدا گوتوویه‌تى، كاتێك زانیارییه‌كانى به كه‌سایه‌تییه‌ك داوه، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یش پێوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ مالیكى و سه‌در هه‌یه. دواتر ئه‌و بۆ په‌یامنێره‌كه‌ى عه‌ره‌ب، هیچ یه‌كێك له زانیارییه‌كانى ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كه كه ده‌كرێ له هه‌ر كاتێك بێت هه‌واڵى ئاشتبوونه‌وه‌كه بڵاو بكرێته‌وه".
تاران پێی وایه به‌ره‌ى سیاسیى شیعه له عێراق به‌هێز نابێت ئه‌گه‌ر ناكۆكى نێوان موقته‌دا سه‌در و مالیكى سفر نه‌كرێت، كه له‌وانه‌یه به‌هه‌ردووكیان بتوانن پڕۆژه‌ى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق جێبه‌جێ بكه‌ن.
مالیكى له ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى خۆى به ته‌واوى گوێڕایه‌ڵى ئێران بووه
له‌لایه‌كى تریشه‌وه سه‌رچاوه سیاسییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هاوپه‌یمانى نێوان سه‌در و مالیكى، هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مان به هه‌لێكى نموونه‌یی ده‌زانن، له‌وانه‌یه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له كۆتایى ئه‌مساڵ یان سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو به‌ڕێوه بچێت. به تایبه‌تى كه ده‌زانرێ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كه چانسى هه‌ردوولایان وه‌ك یه‌كه.
جگه له‌مه‌یش سه‌در و مالیكى دوو پاشخانى به‌هێزى ئیسلامى سیاسی‌یان هه‌یه. سه‌در نوێنه‌رایه‌تى ره‌وتێكى فراوانى شیعه ده‌كات كه له باوكییه‌وه بۆى ماوه‌ته‌وه، كه‌چى مالیكى سه‌رۆكایه‌تى حزبێك ده‌كات به كۆنترین حزبه‌كانى شیعه داده‌نرێت، ئه‌ویش حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامییه.
ساڵانێكى زۆره سه‌در و مالیكى له ململانێى یه‌كتردان، له ویلایه‌تى یه‌كه‌مى مالیكى له نێوان ساڵانى 2006 - 2010 موقته‌دا سه‌در به‌هۆى ئه‌و میلیشیایه‌ى هه‌یبوو به‌ناوى "سوپاى مه‌هدى"، گه‌وره‌ترین كێشه‌ى بۆ نوورى مالیكى دروست كردبوو. دواجار له ساڵى 2008 نوورى مالیكى هێزێكى گه‌وره‌ى له دژى سوپاى مه‌هدى به‌كار هێنا له شارى به‌سره، چونكه میلیشیاى مه‌هدى شه‌ڕى له دژى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ده‌كرد. به‌ڵام وێڕاى ئه‌مه‌یش موقته‌دا سه‌در یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى پاڵپشتى له مانه‌وه‌ى مالیكى كرد تا بۆ جارى دووه‌م ببێته‌وه سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق.