له‌چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی سیته‌كی له‌كاره‌كه‌ی ده‌ركرد.
كشتو‌كاڵى سلێمانى ده‌ڵێ، زۆرترین زه‌ویمان داگیركراوه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 13ی شوبات، سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، بڕیار دراوه كه به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی سیته‌ك له كاره‌كه‌ی ده‌ربكرێ به‌هۆی ئه‌و ڕێپێدانانه‌ی بۆ داگیركردنی موڵكی گشتیی و دروستكردنی خانووی زێده‌ڕۆ كه داوییه‌تی به به‌رپرسان.
شاڵاو جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌شێك له‌و زه‌ویانه‌ی كشتوكاڵ كه زێده‌ڕۆیان كراوه‌ته‌سه‌ر و داگیركراون ده‌كه‌ونه سنووری ناوچه‌ی سیته‌ك و "زۆرترین زه‌ویمان داگیركراوه".
ڕوونیشی كرده‌وه كه داگیركردنی زه‌وی كشتوكاڵ له‌و ناوچه‌یه ڕۆژانه هه‌یه و به‌رده‌وامه و به‌هۆی زۆری داگیركاری و زێده‌ڕۆیی نه‌مانتوانراوه كه ڕێژه‌كه دیاری بكه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌وانه‌ی زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌نه سه‌ر زه‌ویه كشتوكاڵییه‌كان كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوون و ڤێلاو خانزوشی له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن.
لای خۆیه‌وه زیاد كاكه ڕه‌زا جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، زۆرترین زێده‌ڕۆیی له سنووری سلێمانی بۆ سه‌ر زه‌ویه كشتوكاڵییه‌كان كراوه و یه‌كێك له‌و ناوچانه‌یش كه زێده‌ڕۆی و داگیركاری زۆری تێدایه سنووری ناوچه‌ی سیته‌كه.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه پێویسته به ته‌واوی به‌دواداچوون له‌سه‌ر داگیركارییه‌كانی ئه‌و سنووره بكرێ و به‌رپرسانی شاره‌وانی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ.
سیته‌ك به یه‌كێك له‌و ناوچانه داده‌نرێ كه زۆرترین زێده‌ڕۆی كراوه‌ته سه‌ر، هاوكات به‌شێكی زۆر له به‌رپرسه باڵاكان خاوه‌نی ڤێلای زێده‌ڕۆ و كاره‌بای نایاسایین، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ڕابردوو هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر به‌رپرسانی ئه‌و سنووره نه‌دراوه تا ئه‌و زێده‌ڕۆییانه ڕابگرن كه ده‌كرێته سه‌ر موڵكی گشتیی.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی