سەرۆك بارزانی پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

:: AM:10:51:17/02/2020 ‌
سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، ڕۆڵیكی گرنگ و بەرچاویان لە كاری مەدەنی و ڕێكخراوەییدا گێڕاوە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات، سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بە بۆنەی 67 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی گەشیان بۆ دەخوازم.

لاوان و قوتابیان قوتابخانەی پێگەیاندنی سەركردەی بە توانا و ڕۆڵەی هۆشیار و هەڵكەوتوو بوونە


زیاتر روونی دەكاتەوە، لاوان و قوتابیان لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێكخراوەكەیانەوە تا ئێستە، ڕۆڵیكی گرنگ و بەرچاویان لە كاری مەدەنی و ڕێكخراوەییدا گێڕاوە و جگە لەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی سەركردەی بە توانا و ڕۆڵەی هۆشیار و هەڵكەوتوو بوونە، وەك پێشمەرگەش بەشدارییەكی كاریگەریان لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەماندا كردووە و لەو ڕێیەدا قوربانی و شەهیدیشیان بەخشیوە.

سەرۆك بارزانی دووپاتی دەكاتەوە، قوتابیان و لاوان، لە قۆناغە جیاجیاكاندا خزمەتی گەل و وڵاتیان كردووە و ڕۆحی بەرگری و بڕوابەخۆبوونیان لەناو لاوانی گەلەكەمان پاراستووە، ئێستە و داهاتوویش، ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست هەیە كە پارێزەری بەها بەرزەكانی میلەتەكەمان بن و بە ورەیەكی بەرز و چاوكراوەیی زیاتر، كەڵك لە ئامرازە نوێیەكانی پەروەردە و فێركردن وەربگرن و خۆیان بە زانست و زانیاری دەوڵەمەند بكەن و كادری هۆشیار و بەتوانا بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان پەروەردە بكەن.

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.


وشە - هیدایه‌ت جان