شاندی هێزە سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ محەمەد عەلاوی كۆ دەبێتەوە

:: PM:05:07:19/02/2020 ‌

دوێنێ شاندی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەوێ دەستی بە دیدار و كۆبوونەوەكانی كرد، چاودێر و شارەزایەكی سیاسی كورد دەڵێت، ئەمڕۆ شاندەكە لەگەڵ محەمەد عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی عێراق كۆ دەبێتەوە و مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردن لە كابینەكەی روونن.
شاندی هەرێم دوو مەرجی سەرەكی بۆ پاڵپشتیكردنی عەلاوی هەیە
رێبین سەلام مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی گوتی، ئەمڕۆ شاندی هێزە سیاسییەكانی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ محەمەد عەلاوی كۆ دەبێتەوە بۆ باسكردنی مەرجەكانی كورد لە حكوومەتی نوێ و نزیكبوونەوەیەك لە بۆچوونەكان هەیە بەتایبەتی لەبارەی پۆستەكانی كورد لەو جكوومەتە.

دووپاتی كردەوە كە مەرجی كورد روونە و بریتییە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی پێشوو كە لەگەڵ حكوومەتی عەبدولمەهدی كراوە و وەزیرانی كورد و پۆستەكانی لەرێگەی راوێژ لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بێت بۆ ئەوەی نەكەوینە كێشە لەگەڵ حكوومەتی نوێ. 

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە كورد بە بەشداریكردن لە حكوومەتی عەلاوی رازی بووە لە رێگەی پێشكەیشكردنی چەند بژارەیەك بۆ عەلاوی بە دیاریكردنی چەند ناوێك بۆ ئەوەی عەلاوی ئەوان هەڵبژێرێت و ئەوەیش لە كۆبوونەوەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رێككەوتنی لەسەر كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم عەباس زاملی پەرلەمانتاری شیعە ئاشكرای كرد كە محەمەد عەلاوی لە كۆبوونەوەی دووشەم لەگەڵ لایەنە شیعەكان باسی دیاریكردنی وادەی خستنەڕووی كابینەی حكوومەتەكەی كرد و ناوەكانی ئاشكرا كردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە راگەیاندنەكان و زۆرینەی هێزە شیعەكانیش پاڵپشتی دەكەن و پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی ساز بكرێت. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل