عەلاوی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات بۆ سازكردنی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی

:: PM:07:13:19/02/2020 ‌

محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی عێراق، داوا لە پەرلەمان دەكات بۆ كۆبوونەوە لە رۆژی دووشەمی داهاتوو بەمەبەستی متمانەدان بە كابینەی حكوومەتەكەی و دووپاتی كردەوە كە ئەگەر حكوومەتەكەی متمانەی پێ نەدرێت، مانای وایە چەند لایەنێك دەیانەوێ تەنگژەكە بەردەوامبێت.
شكۆی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە و بكوژانی خۆپێشاندەران دەداتە دادگە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم محەمەد تۆفیق عەلاوی وەك ئاماژەیەك بۆ تەواوبوونی كابینەی حكوومەتەكەی لە وتارێكیدا داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەك بۆ متمانەدان بە حكوومەتەكەی و ئاماژەی بۆ چەند پرسێكی گرنگ كرد لەوانە خۆپێشاندانەكان و گوتی، جەنگ و خەباتی مێژوویی ئێوە بوو كە بنەماكانی سیاسەتی گۆڕی و بۆ یەكەمجار بووە مایەی پێكهاتنی حكوومەتێكی سەربەخۆ و دوور لە كاندیدی حزبە سیاسییەكان.

زیاتر گوتی، ئەو كابینەیە لە كەسانی بەتوانست و خاوەن بەرنامە پێكهاتووە كە بتوانن دۆخەكە بەرەو ئارامی ببەن و خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن، بۆیە حكوومەتەكە بۆ هەموو عێراقییەكانە و متمانەی ئەوان دوای متمانەی پەرلەمان بەدەست دێنێت، لێرەوە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكەم بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی بەمەبەستی دەنگدان لەسەر كابینەی حكوومەتەكە لە دووشەمی داهاتوو 24ی شوبات.

عەلاوی روونی كردەوە، خوازیارم پەرلەمانتاران خواستی چاكسازی خۆیان بۆ عێراقییەكان بسەلمێنن و بەرپرسیارەتیی نیشتمانی لەئەستۆ بگرن و بیر لە ئێستە و داهاتووی عێراق بكەنەوە و بەرژەوەندی تایبەت رێگریان لێ نەكات لە دانی بڕیارێكی راست، چونكە ناتوانین خۆمان لە چاكسازی راستەقینە بدزینەوە و ئەگەر خۆپێشاندانەكان كەم بوونەتەوە، لەهەر كاتێك بەهێزتر و فرەوانتر دەبنەوە، هاوكات خوێنی رژاوی ئەوان بەفیڕۆ ناچێت و ئەوە لە كاری لەپێشینەی حكوومەتەكەم دەبێت و هەر دوای متمانەوەرگرتن لێكۆڵینەوە لە رووداوی گۆڕەپانەكانی مانگرتن دەست پێ دەكەم و ئەنجامدەرانی تاوان بۆ گەل ئاشكرا دەكەین و دەیاندەینە دادگا.

عەلاوی بەڵێنی دا شكۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك دوور لە كاریگەریی چەك و پارە و دەستوەردانی دەرەكی ئەنجام بدات و كاریش بۆ باشكردنی دۆخی بژێوی عێراقییەكان بكات و ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان و لەكاتێكی دیاریكراو بەرنامەی حكوومەت بخاتە پێش گەل، بۆیە ئەگەر حكوومەت نەهاتە تێپەڕاندن بزانن كە چەند لایەنێك هەن كار بۆ بەردەوامیی تەنگژەكە دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل