رفێنراوێكی تری دەستی داعش ئازاد كرا

:: PM:11:08:19/02/2020 ‌

رێكخراوی تیرۆریستی داعش شێوازێكی تری پەیداكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ خۆی دروست كردووە لە رێگەی رفاندنی هاووڵاتییان و ئازادكردنیان لەبەرانبەر بڕێكی زۆری پارە، ئەمشەو رفێنراوێكی سنووری ناوچەی خانەقین هاتە ئازادكردن.
داعش وەك سەرەتای دەركەوتنی لێهاتووە
كەسێكی نزیك لە یەكێك لە هەشت رفێنراوەكەی سنووری شارەدێی قەرەتەپەی سەر بە شارۆكەی خانەقین بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە ئەمشەو چوارشەم، هاووڵاتییەكی خانەقینی بەناوی مونیر عەلی لەلایەن داعشەوە بەرانبەر بڕی پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریكی ئازاد كراوە .

حیكمەت حەسەن لە پۆلیسی قەرەتەپە بۆ"وشە" ئاشكرای كرد لەو هەشت كەسەی پێش مانگێك رفێنران، بەر لە دوو رۆژ كەسێكی خەڵكی سەعدیە لەبەرانبەر هەمان بڕی پارە ئازاد كرا و ئەمشەویش مونیر عەلی ئازاد كراوە كە لەو هەشت كەسە یەكێكیان كوژراوە و تا ئێستە پێنج رفێنراویان لا ماوە.

كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپەی پارتی بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، داعش لە ناوچەكە بەهێز بووە و دەستی كردووە بە بازرگانیكردن بە رفێنراوان و دۆخەكە هێندە مەترسیدارە كە داعش وەك سەرەتای دەركەوتنی لێهاتووە .

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل