جولیا ئاسانژ: ترەمپ لە بەرانبەر ئازادکردنم مەرجێکی هەیە

:: AM:11:46:20/02/2020 ‌

 

جولیا ئاسانژ خاوەنی ماڵپەڕی ویکیلیکس پێشنیازێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات، دەڵێ لە بەرانبەر ئەو مەرجەدا بەڵێنی داوە لێخۆشبوونم بۆ دەربکات.
هەموو هەوڵی ترەمپ ئەوەیە بیسەلمێنێت رووسیا رۆڵی نەبووە لە هاک کردنی ئیمێڵی دیموکراتەکان

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی "دویچەڤێلە"ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، خاوەنی ماڵپەڕی ویکیلیکس ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ داوای ئەوەی لێ کردم رەتی بکەمەوە رووسیا دەستی هەبووە لە ئاشکرابوونی ئیمێڵی دیموکراتەکانی ئەمەریکا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ترەمپ گوتی ئەگەر لە میدیاکان رەتی بکەیەوە رووسیا رۆڵی لە ئاشکرابوونی ناوەڕۆکی ئیمێڵەکانی حزبی دیموکراتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 هەبووە، ئەویش بە فەرمانی سەرۆکایەتی لێخۆشبوونی بۆ دەردەکات.

پارێزەری جولیا ئاسانژ بە "سی ئێن ئێن"ی راگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو خاوەنی ماڵپەڕی ویکیلیکس لە دانوستاندنەکانیدا "بۆ ئەوەی ئیتاڵیا رادەستی ئەمەریکای بکرێتەوە یاخود نا" ئەو پێشنیازەی دۆناڵد ترەمپ بە وردی باس دەکات.

دوای ئەو لێدوانەی ئاسانژ، کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا رەتی کردووەتەوە پێشنیازی لەو شێوەیە لەلایەن ترەمپەوە خرابێتە بەردەست خاوەنی ماڵپەڕی ویکیلیکس.

گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی دادی ئیتاڵیا و کۆشکی سپی و جولیا ئاسانژ ماوەی دوو مانگە بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ئەنجامی دانوستاندنەکان ئیتاڵیا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات کە ئایا رادەستی ئەمەریکای بکاتەوە یاخود نا.

ئاژانسی ویکیلکس بە بڵاوکردنەوەی ئیمێڵی سیاسەتمەداران و دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان هەڵایەکی زۆری ناوەتەوە و ساڵی 2016 ئیمێڵی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای حزبی دیموکراتی ئەمەریکای بڵاو کردەوە کە لەناویاندا پێدانی کۆمەڵێک پارە لەلایەن کابینەی باراک ئۆباما بە ئێران ئاشکرا بوو و هەر ئەوەیش یەک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی کۆماریخوازەکان بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.


 



وشە - هیدایه‌ت جان