یەكشەمی داهاتوو ناوی وەزیرەكانی عەلاوی ئاشكرا دەكرێت

:: PM:02:53:20/02/2020 ‌

سیاسەتوانێكی نزیك لە تیمی محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە ناوی  وەزیرەكانی كابینەی حكوومەتی عەلاوی رۆژێك پێش دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكوومەتەكەی دێتە راگەیاندن، واتە یەكشەمی داهاتوو.
عەلاوی ناوی هەر 22 وەزیری كابینەكەی دەخاتە روو
محەمەد خالدی سەرۆكی هاوپەیمانی "بەیارق ئەلخەیر"، گوتی، ناوی وەزیرانی كابینەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی رۆژێك پێش دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكوومەتەكەی دێتە راگەیاندن، كە عەلاوی دوێنێ لە وتارێكی داوای لە پەرلەمان كرد دووشەمی داهاتوو دانیشتنەكە ساز بكات، ئەوەیش بۆ ئەوەی گەل و هێزە سیاسییەكان ئاگەداری ناوی كاندیەكان بن بەر لە دانیشتنەكەی پەرلەمان.

زیاتر گوتی، عەلاوی لە حكوومەتەكەی پۆستەكانی دوو جێگری خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و زۆرینەی پەرلەمانی پێویست بۆ تێپەڕاندنی حكوومەتەكەی هەیە و لە دانیشتنی دووشەمی پەرلەمان ئامادە دەبن بۆ متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی نوێ.

خالدی دووپاتی كردەوە كە عەلاوی خۆی ناوی وەزیرەكانی دیاری كردووە و تا ئێستە بەكەسی نەگوتووە و دووشەم تەواوی كابینەی حكوومەتەكەی كە 22 وەزارەتە دەخاتە روو.       






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل