رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان هێزەكانی سووریا و توركیا دەستی پێ كرد

:: PM:03:28:20/02/2020 ‌

دوای هەڕەشەكانی دوێنێی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە نزیكبوونەوەی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ناوچەی ئیدلب، ئەمڕۆ پێنجشەم تۆپخانەكانی سوپای توركیا سەنگەرەكانی سوپای سووریایان لە ئیدلب بۆردمان كرد، سوپای سووریایش وەڵامی دایەوە ژمارەیەك تانك و زریپۆشی توركیای تێكشكاندووە. 
رووسیا هەوڵی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ توركیا و ئێران دەدات
لەوكاتەی كەناڵی "سی ئێن ئێن تورك"، رای گەیاند كە وەك سەرەتا و رێخۆشكردن بۆ پێشڕەویكردنی تانكەكانی سوپای توركیا لە ئیدلب بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی سوپای سووریا لەماوەی دوایی پێشڕەوەیان تێدا كردبوو، تۆپخانەكانی توركیا سەنگەرەكانی سوپای سووریایان بۆردمان كردووە.

هاوكات گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بەپاڵپشتیی ئاسمانی و لۆجیسی ئەو وڵاتە لە ناوچەكانی سەراقب و نیرب هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەست پێ كردووە، لەبەرانبەر ئەوەدا سوپای سووریا ژمارەیەك تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای توركیایان تێكشكاندووە كە ویستوویانە بەرەو گوندی نیرب لە باكوری رۆژئاوای سووریا پێشڕەوی بكەن.

ئەو پەرەسەندنەی ئەمڕۆ دوای هەڕەشەكانی دوێنێی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت بەوەی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی سوپای وڵاتەكەی زۆر نزیكە لە ئیدلب و ئەمڕۆیش هێرشەكە دەستی پێ كردووە و سەرەتا بۆردمانێكی سەختی سەنگەرەكانی سوپای سووریایان كردووە و پاڵپشتیان لە پێشڕەوی هێزە تایبەتەكانی توركیا و تانكەكانی بەرەو ئەو ناوچانە كردووە كە بەمدواییە سوپای سووریا كۆنترۆڵی كردوونەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل