داعش بۆ بەری راستی مووسڵ پاشەكشە دەكات

:: PM:06:48:17/10/2016 ‌

حەشدی شەعبی دەڵێت كە داعش لە مووسڵ بەتەواوەتی شێواوە و لەژێر بۆردمانی سەختی ئاسمانیدا بارەگەكانی خۆی لە بەری چەپی شارەكە چۆڵ كردووە و رووی لە بەری راست كردووە، سەرچاوەیەكیش كوژرانی دوو سەركردەی داعش لە ئەنجامی بۆردمانێكی ئاسمانی دووپات دەكاتەوە. 

بەپێی بەیاننامەیەكی حەشدی شەعبی كە ئەمڕۆ دووشەم بڵاو كرایەوە، چەكدارانی داعش هەموو بارەگەكانی خۆیان لە مزگەوت و كڵێسا و فەرمانگەكانی حكوومەتی لە بەری چەپی مووسڵ چۆڵ كردووە و روویان لە بەری راست كردووە. 

بەپێی هەواڵەكان لەناو شاری مووسڵ چەكدارانی داعش تووشی شێوان و تۆقین هاتوونەتەوە و لە ژێر بۆردمانی سەختی هاوپەیمانان و ترسیان لە تۆڵەی خەڵك و راپەڕینیان بەرووی ئەوانەوە خەریكە كۆنتڕۆل لەدەست دەدەن.

هاوكات بەپێی سەرچاوەیەك فڕۆكە سەربازییەكان توانوویانە هەریەك لە سالم خەلەف (ئەبو روقەیە) بەرپرسی لەسێدارەدانی داعش لە مووسڵ و حەمید دش بەرپرسی بەیتولمالی داعش لە گوندی تەلواعی بكوژن.

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانوویەتی هەشت گوند لە داعش پاك بكاتەوە و لە پێشڕەویكردن بەردەوامە، وێڕای پێشڕەوی هێزەكانی بەشدار لەو جەنگە لە هەموو قۆڵەكانەوە.

سەرچاوە/ مەوازین نیوز، سۆمەرییە نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل