سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكەی دەبێتە دەمەقاڵیان

:: PM:04:16:27/02/2020 ‌

بڕیاربوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بەمەبەستی دەنگدان لەسەر حكوومەتی محەمەد عەلاوی ساز بكات، بەڵام دواتر هاتە راگەیاندن كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی دانیشتنەكەی دوا خستووە، لەناو زانیارییەكانی بوونی ناكۆكی و دەمەقاڵێی لەنێوان محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی بەهۆی سازكردن و نەكردنی دانیشتنەكە. 
شیعە رەتی دەكەنەوە دانیشتنەكە دوا بخرێت و دەیانەوێ حكوومەت تێپەڕێنن
زانیارییەكان ئاماژە دەكەن كە حەلبووسی بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بۆ سازكردنی دانیشتنەكە، دانیشتنەكەی دواخستووە، لەوكاتەی كەعبی كە سەر بە موقتەدا سەدرە و پاڵپشتیی عەلاوییە، سوور بووە لەسەر سازكردنی دانیشتنەكە و بەو هۆیەشەوە دەمەقاڵێ لەنێوان هەردوولا دروست بووە، كاتێك كەعبی زەنگی ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی لێ داوە و ویستوویەتی دانیشتن بكرێت، نووسینگەی راگەیاندنەكەیشی رەتی كردەوە كە دانیشتنەكە دواخرابێت. 

بۆیە وەك زانیارییەكان ئاماژە دەكەن كە ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەی دانیشتنەكە بوونە گەیشتبووە 115 پەرلەمانتار، بۆیە بەهۆی ناتەواوی نیساب حەلبووسی دواخستنی دانیشتنەكەی راگەیاندووە و كەعبیش ئەوەی رەت كردووەتەوە و بەردەوام بووە لە مانەوەی لەناو پەرلەمان و هەوڵەكانی بۆ تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەتی عەلاوی.

لەوكاتەی بەپێی زانیارییەكان وادەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دیاری نەكراوە، بەو پێیەی دانیشتنەكان نائاسایین و لەسەر داوا دێنە سازكردن، فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" سەر بە هادی عامری گوتی، بەهۆی بوونی ناكۆكی لەنێوان هێزە سیاسییەكانی كورد و سوننە و شیعە دانیشتنەكە بۆ یەكشەم هاتە دواخستن نەوەك بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكە.

زیاتر گوتی، وەك هاوپەیمانی "فەتح"، رەتی دەكەینەوە دانیشتنەكە بێتە دواخستن و دەستی پێوە دەگرین بۆ تێپەڕاندنی حكوومەتی محەمەد عەلاوی، تا ئێستەیش بەفەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمان دواخستنی دانیشتنەكە رانەگەیاندووە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل