عێراق.. دانیشتنی متمانە بە عەلاوی شەموو ساز دەكرێت

:: PM:05:09:27/02/2020 ‌

دوای ئەو مشتومڕەی ئەمڕۆ لەناو پەرلەمانی عێراق لەبارەی متمانەدان بە حكوومەتی محەمەد عەلاوی دروست بوو كاتێك هاوپەیمانی "سائیروون" ویستی حكوومەتەكە بێ كورد و سوننە تێپەڕ بكات، بەڵام پەرلەمانی عێراق دواجار دانیشتنەكەی بۆ شەمووی داهاتوو دواخست.
سەدرییەكان دەیانەوێ كابینەكەی عەلاوی تێبپەڕێنن
ئەمڕۆ پێنجشەم فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پەرلەمان دانیشتنی نائاسایی متمانەدانی بە حكوومەتی محەمەد عەلاوی بۆ رۆژی شەموو دواخست، ئەوەیش بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی بۆ سازكردنی دانیشتنەكە ئەمڕۆ.

نەدا شاكر پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەوە گوتی، دانیشتنەكە ئامادە نەبوونی ژمارەیەك هێزی شیعە كە پێشتر بەڵێنی پاڵپشتیكردنیان بە عەلاوی دابوو، بەخۆیەوە بینی، جیا لە پەرلەمانتارانی كورد و سوننە، بۆیە دانیشتنەكە دواخرا، ئەوەیش لەناو ناكۆكییەكی زۆر لەسەر كاندیدەكانی حكوومەتی عەلاوی، كاتێك تا ئێستە كورد و سوننە سوورن لەسەر بەشی خۆیان لە كابینەكە و مەسیحییەكانیش بەو كاندیدەی دیاری كراوە رازی نین. 

شایەنی باسە بەپێی زانیارییەكان لە كۆی 329 ئەندام، تەنیا 105 پەرلەمانتاری عێراق لەناو هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان ئامادە بوون، بۆ تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەتەكەیش عەلاوی پێویستی بە نیوە كۆ یەكی ئامادەبووان هەیە، بەڵام دەبێت نیسابی دانیشتن تەواو بێت، بۆیە عەلاوی داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد كە دانیشتنەكە شەموو ساز بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل