ئیسرائیل بەرپرسێكی حزبوڵا لە سووریا دەكوژێت

:: PM:06:08:27/02/2020 ‌

دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵی سووریا "سانا"، رای گەیاند كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیل ئۆتۆمێلێكی تایبەتی لە باشووری شارەدێی حەزەر لە پارێزگای قنێترە لە باشووری رۆژئاوای سووریا كردووەتە ئامانج، راپۆرتە ئیسرائیلییەكان گوتیان ئەو كەسەی لە هێرشەكە كوژراوە فەرماندەیەكی حزبوڵای لبنانی بووە.
ئیسرائیل لە پاكتاوكردنی نەیارەكانی لە سووریا بەردەوامە
ئاژانسە سوورییەكە رای گەیاند، لەو هێرشەی دروونەكەی ئیسرائیلدا ئەو هاووڵاتییە كوژراوە، بێ ئەوەی ناسنامەی ئاشكرا بكات، لەوكاتەی راپۆرتە ئیسرائیلییەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو كەسە ناوی عیماد تەویلە و بەرپرسی دۆسیەی جۆلانی لقی حزبوڵای لبنانییە لە باشووری سووریا.

راپۆرتە ئیسرائیلییەكان وایان لێكدایەوە كە تەویل سەرپەرشتی بنیاتنانی ژێرخانی میلیشیاكانی حزبوڵا دەكات لە ناوچەی قنێترە، ئەوەیش بەمەبەستی ئەنجامدانی كردەی سەربازی لەسەر سنوورەكان لەگەڵ ئیسرائیل.

لە ساڵانی دوایی هاوكات لەگەڵ شەڕی ناوخۆی سووریا، ئیسرائیل بە بەردەوام لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئامانجەكانی ئێران و حزبولای لبنانی و سوپای سووریای لە سووریا كردووەتە ئامانج، ئەو كارانەیشی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ رێگرتن لە بەهێزبوونی دەسەڵاتی سەربازیانەی ئێران لە سووریا و گەیاندنی چەك و پاڵپشتی سەربازیش بۆ حزبولای لبنانی. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل