شاندی كوردی لە بەغدا: پێویستە عەلاوی نەرمی لەبەرانبەر داواكارییەكانمان بنوێنێت

:: PM:07:01:27/02/2020 ‌

ئەمڕۆ بەر لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی كە دواتر بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی هاتە دواخستن، عەلاوی لەگەڵ شاندی هێزە كوردییەكان كۆبووەوە، بەڵام بەئاكام نەگەیشتن، ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری كورد دەڵێت، بۆ وەرگرتنی متمانە پێویستە عەلاوی نەرمی بەرانبەر كورد بنوێنێت.
شاندی هەرێم لە بەغدا دەمێنێتەوە و لەگەڵ عەلاوی و فراكسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە
زیا پوترس ئەندامی شاندی سیاسیی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان عەلاوی لەسەر پێڕەوكردنی هەمان میكانیزم بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی سوورە، و ئەوەیش پرسەكە ئاڵۆز دەكات، بۆیە پێویستە تا 48 سەعاتی داهاتوو نەرمی لەبەرانبەر كورد بنوێنێت تا پرۆسەی دەنگدان بە كابینەی حكوومەتەكەی بەڕێوە بچێت و كێشەكان نەمێنن. 

زیاتر گوتی، پێویستە عەلاوی لە دیاریكردنی وەزیرەكانی تایبەت بە كورد بۆچوونی ئەوان وەربگرێت، جیا لەوەیش چەند كێشەیەك لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و هیتریش هەیە كە ئەو لە كۆبوونەوەكانی سەرەتا بەڵێنی چارەسەركردنی دابوو، بۆیە شاندی كوردستان هەر لە بەغدا دەمێنێتەوە و كۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ عەلاوی و فراكسیۆنە سەرەكییەكانی پەرلەمان دەكات و ئەگەر نەرمی نەنواند، ئەوە دۆخەكە تا دوای تێپەڕبوونی 48 سەعاتەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە.   

ئەمڕۆ عزەت شابەندەر، سیاسەتوانی شیعەی عێراق لە تویتەر نووسیویەتی، داوا لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح" و فالح فەیاز سەرپەرشتیاری دەستەی حەشدی شەعبی دەكەم لە دیداری چاوەڕوانكراویان لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی، هەوڵ بدەن و سووربن لەسەر نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی كاتی و سەربەخۆی عێراق بەشێوەیەك یەكپارچەیی عێراق بێتە پاراستن.


ئەمڕۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینە و بەرنامەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەستی پێ كرد، بەڵام بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە بۆ شەمووی داهاتوو دواخرا، كوردیش بەشداریان لە دانیشتنەكە نەكرد.
 
ئیخڵاس دلێمی لە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، رەتكردنەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ دەنگدان بە كابینەی حكوومەتەكەی عەلاوی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە لاوازیی بەرنامەی حكوومەتەكەی و شێوازی مامەڵەكردنی خۆبەزلزانین لەگەڵ پێكهاتەكانی تری عێراق و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. 

زیاتر گوتی، محەمەد عەلاوی وەزارەتی بە كورد دابوو، بەڵام ئەو لە بەرنامەی حكوومەتەكەی مافی كورد و پێكهاتەكانی تری فەرامۆش كردبوو، جیا لە فەرامۆشكردنی خواستی شەقامی عێراقی، عەلاوی وەك هەر پارێزگایەكی تری عێراق مامەڵەی لەگەڵ هەرێم كردووە و رەچاوی فیدرالیەت و تایبەتمەندیی ئەوانی نەكردووە و لەگەڵیان رێك نەكەوت. 

لای خۆیەوە ئەحمەد سەفار پەرلەمانتارێكی تری كورد ئاماژەی كرد كە سێ خاڵی ناكۆكی لەنێوان هێزە كوردییەكان و محەمەد عەلاوی هەن رێگری لە رێككەوتنیان دەكات، ئەوانیش پشكی هەرێمە لە بودجەی عێراق و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و میكانیزمی دیاریكردنی وەزیرەكانی كوردە لە كابینەكەی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل