وەزراەتی پەروەردە مەلا هەڵۆ دەداتە دادگا

:: PM:02:03:29/02/2020 ‌
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەیمانگاكان و مەشقكردنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەلا هەڵۆ مامۆستای ئایینی و وتارخوێنی مزگەوت لەسەر بەکارهێنانی وشەی نەشیاو لە وتارەکانیدا دەداتە دادگا.

هەفتەی رابردوو مەلا هەڵۆ لە یەكێك لە وتارەكانیدا گوتبووی، پەیمانگای هونەرە جوانەكان  كەسانی سۆزانی و داوێنپیس و لەشفرۆش بەرهەم دەهێنن، ئەم قسەیەشی لەدوای بڵاوبوونەوەی شانۆیەکی قوتابیانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەلار بوو کە بە لای بەشێکی خەڵکەوە سووکایەتیی بە ئایینی ئیسلام تێدا بووە.

لە كەس قبووڵ ناكەین بێ ڕێزی بەرانبەر بە قوتابیان و مامۆستایانی ئێمە بكات

ئەمڕۆ شەموو 29ی شوبات، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەیمانگاكان و مەشقكردنی وەزارەتی پەروەردە روونكردنەوەیەكی لەسەر وتارێکی مەلا هەڵۆ بڵاو كردووەتەوە کە تێیدا قسەی نەشیاوی بە قوتابیان و دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان گوتبوو.

لە روونكردنەوەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بێ ڕێزییەك لە شانۆکەدا بەرانبەر بە پێگەی مامۆستایانی ئاینی كرابێت، ئەو كەسە ”مەبەستیان لە مەلا هەڵۆیە" بە بێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتەكە بكات، لەگەڵ بابەتێكی تر تێكەڵی كردووە. 

ئەوەیش خراوەتە روو، بەكارهێنانی ئەو وشە زبر و ناشیاوییانە بووەتە نیگەرانی مامۆستایان قوتابییانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ بێ رێزییەك لە ناوەندەكانی خوێندن بەرانبەر بە كەس نەكراوە.

"لە كەس قبووڵ ناكەین بێ ڕێزی بەرانبەر بە قوتابیان و مامۆستایانی ئێمە بكات، لەبەرئەوە بە مافی خۆمان دەزانین لە رێی دادگاوە ڕێككارە یاساییەكان بگرینەبەر". لە روونكردنەوەكەدا  وا نووسراوە.



وشە - زریان تەها