ئەو داعشانەی ژنانی ئێزیدییان ڕفاند په‌كه‌كه‌ بەرپرسیاریەتییان پێ دەدات

:: PM:01:36:01/02/2017 ‌

ماوەی ڕابردوو "وشە" بە وردی زانیاری لەسەر هاتنی عەرەبە داعشەكانی مووسڵ بۆ نێو ڕیزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال بڵاو كردەوە و ئێستەش زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە عەرەبە داعشەكان لەلایەن پەكەكەوە دەبرێنە سووریا و لەناو پەیەدە بەرپرسیاریەتییان پێ دەدرێت.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زۆرێك لەو عەرەبانەی پێشتر لەناو داعشدا بوون و دواتر لەلایەن پەكەكەوە وەرگیران، ئێستە بەرەو سووریا ڕا دەكەن و لەوێش لەلایەن پەیەدەوە بەرپرسیاریەتییان پێ دەدرێ.

ئەو سەرچاوەیە باسی یەكێك لەو عەرەبانە دەكات و دەڵێ، یەكێك لەوانە "فارس عەبدولوەهاب ئەلمیتۆتی"یە و زیانی گیانی و مادی زۆری بە ئێزیدییەكانی شنگال گەیاند، بەڵام ئێستە پەكەكە بردوویەتییە سووریا و لەوێ كراوەتە بەرپرسی نووسینگەی ئاوارەكان لە كەمپی هۆل لە سووریا.

هەروەها گوتی، سێ برای فارس عەبدولوەهاب ئێستەش لە نێو داعشدان و لە سنووری بەعاجی ڕۆژئاوای مووسڵن و دەستیان لە بردنی كچ و ژنانی كوردی ئێزیدی هەبووە.

پێشتر هەفتەنامەی "وشە" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، كە چەكدارانی پەكەكە لە شنگال دەستیان بە وەرگرتنی عەرەبەكانی ڕیزی داعش كردووە كە دەستیان بەخوێنی ئێزیدییەكان سوورە و تاوانی گەورەیان دژ بە كوردانی ئێزیدی ئەنجام داوە.

شێخ شامۆ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسی بنكەی لالشی ئێزیدییان لەوبارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوە هاوپەیمانییەكی ڕوونە لە نێوان پەكەكە و عەرەبان، پێشتر سەدام حوسێن بڕیاری قەدەغەكردنی ئێزیدییەكانی لە چیای شنگال دەركرد، بەڵام هیچ عەرەبێك نەهاتنە ناوچەكانمان، بەڵام ئێستە پەكەكە بە دەستی خۆیان ئەوانەی لە نێو داعشدا بوون و دەستیان بەخوێنی ئێزیدییەكان سوورە، هێناونی بۆ چیای شنگال.

هەروەها گوتی، لە سووریاش پەیەدە دەستی لەگەڵ عەرەبدا تێكەڵ كردووە و ئەو عەرەبانەشی دەستیان بەخوێنی ئێزیدییەكان سوورە و ئێستە لە شنگالن، ئازادن لە چوون بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د