سێ هەواڵی دڵخۆشكەر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان

:: PM:10:52:08/03/2020 ‌

لەوكاتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێرش دەكاتە سەر تەواوی مرۆڤایەتی لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا، لەوانەیش عێراق كە جیا لە تەنگژەكانی، ئەوەیشی بۆ زیاد بوو، ئەمڕۆ سێ هەواڵی دڵخۆشكەر هاتنە راگەیاندن كە پێوەندیی راستەوخۆیان بە ژیان و بژێوی خەڵك لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە.
دۆخەكە پێویستی بە ئارامگرتن و نەشڵەژان و خۆپارێزی هەیە
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە بەوەی لەگەڵ ئەو رێوشوێنە خۆپارێزیانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەریگراون بە داخستنی سنوورەكان، بەڵام دابەشكردنی خۆراكی مانگانە بە پسوولە بەردەوام دەبێت و فەرمانبەر و كارمەندانی پێوەندیدار لە كۆگە و ناوەندەكانی دابەشكردن، كەمكردنەوەی دەوامی رۆژانە نایانگرێتەوە. 

زیاتر گوتی، وەزارەتی بازرگانی سوورە لەسەر دابینكردنی مادەكانی پسوولەی خۆراكی مانگانە و مسۆگەریی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان لە كاتی دیاریكراوی خۆی، جیا لە چاودێریكردنی بازاڕەكان و نرخی كەلەوەلی خواردن تیایاندا بۆ رێگرتن لە شاردنەوە و زیادكردنی نرخ. 

لای خۆیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق هیڵی سوورە و حكوومەت پابەندە بە دابینكردنی بۆیان لە رێگەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و راگرتنی پڕۆژە ناپێویستەكان، بەڵام ناكرێت بۆ ئەوە پشت بە قەرزی دەرەكی ببەسترێت، كە مەترسی بەستنەوەی ئابووری عێراقی بەو ئەو وڵاتانەی خاوەن قەرزن تیادایە.

لای خۆیەوە ئەدهەم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق گوتی، پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان و شانەی تەنگژە رێوشوێنی توندتر وەربگرن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتر لە عێراق. 

زیاتر گوتی، تا ئێستە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق نەگەیشتووەتە ئاستی پەتا، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە رێوشوێنەكان سووك بكرێنەوە و پێویستە هاووڵاتییان یاریدەر بن لە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكان و خۆیان لە قەلەباڵغی و گەشتكردن بۆ وڵات و شوێنە گومانلێكراوەكان بەدوور بگرن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل