لەبارەی كۆرۆناوە رێكخراوی تەندروستی جیهان پێشبینییەكی باش بۆ عێراق دەكات

:: PM:08:28:18/03/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ هەوڵی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تا ئێستە لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 200 هەزار كەس تووشی بوونە، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەكات مەترسی ڤایرۆسەكە لە عێراق دوای بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمی لە مانگی نیسانی داهاتوو كەم بێتەوە.
تا كاتی پاشەكشەی ڤایرۆسەكە خۆپارێزی باشترین چارەسەرییە
عەدنان نەوار، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، ناتوانرێت بە وردی وادەی پاشەكشەكردنی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق پێشبینی بكرێت، بەڵام هیوامان وایە لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتووەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و لاوازبوونی ڤایرۆسەكە بڵاوبوونەوەی كەمتر ببێتەوە. 

روونی كردەوە، هەر كەسێكی هاتوو لە وڵاتێكی كە ڤایرۆسەكە تیایدا بڵاوبووبێتەوە، پێویستە 14 رۆژ لە ماڵەكەیدا بمێنێتەوە، ئەگەر نیشانەكانی ئەو نەخۆشیەی بەسەردا دەرنەكەوت، ئەوكات دڵنیا دەبێتەوە كە تووش نەبووە سەلامەتە، ئەگینا نەخۆشییەكە پەتایە و دەگوازرێتەوە.

ئەو نوێنەرەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی روونی كردەوە، كۆبوونەوەی مرۆیی بە هەموو شێوەكانی مەترسییە و هۆكارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان خۆیان لە قەلەباڵغی بەدوور بگرن لە شوێنە گشتییەكان، چونكە لەوانەیە كەسێكی تووشبوو هەبێت و نیشانەكانی بەسەردا دیار نەبووبێت و هەمووان تووش بكات.

شایەنی باسە ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی شەش حاڵەتی نوێی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و حاڵەتێكی مردنی راگەیاند، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە 164 حاڵەت و 43 تووشبوو چاكبوونەتەوە و 12 حاڵەتی مردنیش هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل