راپۆرتێك: مەترسی هەیە كۆرۆنا ناوچە جەنجاڵەكانی عێراقی تەنیبێتەوە

:: PM:05:43:28/03/2020 ‌

تا دێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا زیاتر دەبێت و شارەزایان بە گشتی پێشبینی چەند هەفتەیەكی یەكلاكەرەوە دەكەن بۆ زاڵبوون بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و پاشەكشەكردنی، راپۆرتێكی بەریتانی ئاماژە دەكات، ئەگەر عێراقییەكان پابەندی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی نەبن، ژمارەی تووشبووان هەزار تێپەڕ دەكات. 
پێشبینی دەكرێت تووشبووان هەزار حاڵەت تێپەڕ بكات
ئاژانسی "رۆیتەرز"، نیگەرانی ژمارەیەك پزیشكی عێراقی گواستەوە لە زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە، ئەوەیش دوای ئەوەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی زیادبوونێكی گەورەی بەمدواییە تۆمار كرد كە دوێنێ هەینی لە ماوەی 24 سەعات، 76 تووشبوونی نوێ و ئەمڕۆیش 48 حاڵەتی نوێ هەبووە.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە پێشتر سیستمی تەندروستی عێراق باش بووە، بەڵام ئێستە زۆر خراپە و پێشبینی خراپتریش دەكرێت، لەوكاتەی عێراق زیاتر لە 500 حاڵەتی تووشبوون و 42 حاڵەتی مردنی هەیە، بۆیە پزیشكان لەو ژمارانە نیگەرانن بەوەی تەنیا سەری چیا بەفرینەكە بێت و پەتاكە تەواوی ناوچە جەنجاڵەكانی گرتبێتەوە و لایان دیار نەبێت. 

جیا لەوەی راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سنوورەكانی عێراق و ئێران بە ئاسانی دزەی تیادا دەكرێت و بۆنەی زۆری ئاینی هاوبەشیان هەیە و خەڵكێكی زۆری هەردوولا كۆ دەبنەوە و بەشداری تیادا دەكەن كە ئێران سەرچاوەیەكی ڤایرۆسەكەیە، خەڵكی عێراق گوێ بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆ و پشكینین نادەن.

پزیشكان دەڵێن، جیا لە نەخۆشەكان ژمارەیەك لە كارمەندی تەندروستی و فەرمانبەرانیش تووشی بوونەتەوە و ئامادە نین كەرەنتینە بكرێن، بەردەوامبوونی دۆخەكە بەوشێوەیە ئەگەری لەدەست دەرچوونی هەیە و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو تا هەزار حاڵەتمان هەبێت، سەرەڕای كەمی ئامێرەكانی هەناسەدان، بۆیە ئێمە خۆمان بۆ دووهەفتەی داهاتوو ئامادە كردووە كە رەنگە نەتوانین كۆنترۆڵی بكەین. 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 48 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دوو مردن و نۆ چاكبوونەوە هەبووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون 506 حاڵەت و مردنیش 40 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 131 حاڵەتە لە عێراق، لەوكاتەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا ئازادكردنی 27 گیراوی لە چورچێوەی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی دژ ی ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل