ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته شیعه ڕیزه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و ئه‌وانیش پشتیوانی له كاندیدێك ده‌كه‌ن، كه كۆده‌نگی شیعه‌ی له‌سه‌ر بێ بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی حكوومه‌تی عێراق.
ئه‌حمه‌د سه‌فار له‌وباره‌وه به پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز"ی ڕاگه‌یاند، فراكسیۆنه كوردییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه و ناڕه‌زای نین له دانانی كه‌سایه‌تییه‌ك كه لایه‌نه شیعه‌كان له‌سه‌ری ڕێك بكه‌ون، به‌ڵام گرنگه ئه‌و كه‌سایه‌تییه كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێ و شیعه‌كان پێویسته پێش هه‌موو شتێك ڕیزه‌كانی خۆیان یه‌كبخه‌ن و هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو و بڕیاری یه‌كگرتوو بده‌ن.
پێویسته به كۆده‌نگی ڕێك بكه‌ون و ده‌كرێ ده‌رفه‌تیش به زورفی بدرێ
زیاتر گوتی، كورد ناچێته ناو ناكۆكییه‌كانی دیارییكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وه پێوه‌سته به لایه‌نه‌كانی شیعه و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌وانه له‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی عێراق پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ، كاندیدێك یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و چیتر كات به‌فیڕۆ نه‌درێت.
له‌باره‌ی عه‌دنان زورفی كاندیدی ئێسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتی، به بۆچوونی كه‌سی من، سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو خاوه‌نی زانیاری و ئه‌زموونه له بواری ئابووری و دارایی و دۆسیه گرنگه‌كانی عێراق، جیا له‌وه‌یش ئه‌زموونی كارگێڕی هه‌یه و پێشتر پارێزگاری نه‌جه‌ف بووه، ئه‌گه‌ر لایه‌نه شیعه‌كان بواری پێ بده‌ن و ناكۆكییه‌كان وه‌لا بنێن، ده‌توانێ له‌و ماوه‌یه‌ی ماوه حكوومه‌ت پێك بهێنرێ و واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته دیاریی بكرێت.