ئێران وریایی دەداتە ئەمەریكا لە هەر كردەیەكی سەربازی لە عێراق

:: PM:10:53:31/03/2020 ‌

هێزەكانی ئەمەریكا و میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق بەردەوامن لە هەڕەشەكردن لە یەكتر، لەوكاتەی ئەمەریكا سەرقاڵی رێكخستنەوەی هێز و بنكە سەربازییەكانیەتی، ئاماژە بۆ لێدانی میلیشیاكان دەكرێت، هاوكات میلیشیاكان هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەكەن، گەورە بەرپرسێكی ئێرانی واشنتن وریا دەكاتەوە لە ئەگەری هەر هەڵەیەكی نوێی سەربازی لە عێراق. 
ئێران پێشبینی گورزێكی سەربازی ئەمەریكا بۆ میلیشیاكانی دەكات
شارەزایانی سەربازی پێشبنی گورزێكی سەربازی ئەمەریكی بۆ بەشێك لە گرووپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبی دەكەن، لەپێشەوەیان حزبوڵای عێراقی كە چەند جارێك مووشەكبارانی بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانانی كردووە و دوا جار چەند سەربازێكی ئەمەریكی و بەریتانی بوونە قوربانی، بۆیە چاوەڕوانی وەشاندنی كورزێكی نزیكی سەربازی ئەمەریكا دەكرێت لەدوای تەواوبوونی ئامادەسازییەكانی ئێستە واشنتن لە عێراق دەیكات.

ئەمڕۆ سێشەم حوسێن ئەمیر عەبدولەهیان، یاریدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، لە تویتێك واشنتنی وریا كردەوە لەهەر هەڵەیەكی نوێی سەربازی لە عێراق، وەك ئاماژەیەك بۆ كردنەئامانجی سەركردە و بنكە سەربازییەكانی میلیشیاكان، ئاماژەی كرد كە رەنگە ئەو جموجۆڵە سەربازیانەی ئەمەریكا تەنیا جەنگی دەروونی بێت. 

ئەو نووسیویەتی، دەكرێت ئەو خۆرێكخستنەوە و جموجۆڵە سەربازییانەی دوایی ئەمەریكا جەنگی دەروونی بێت، چونكە كۆشكی سپی لە نزیكەوە هێزی مەرجەعیەت و گەلی عێراقی بینی و ئەگەر ئەوان هەر هەڵەیەكی تری سەربازی بكەن، بێگومان پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە خێراتر دەكات. 

شایەنی باسە ئەمەریكا لە عێراق خاوەنی زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز و 14 بنكەی ئاسمانی و سەربازییە لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەوانە لە عەین ئەسەد و تاجی و بەلەد و نەسڕ و گەیارە و كۆشكەكانی سەرۆكایەتی و كەركووك و هەولێر و حەریر و هیتریش، كە بەمدواییە چوار بنكەی جێهێشت بۆ هێزەكانی عێراق و ئەگەر هەیە هەشتی تریش جێبێڵێت، جیا لە هێنانی سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆت و جێگیركردنی لەو بنكە سەربازیانەی تیایاندا دەمێنێتەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل