رووسیا كۆمەكی پزیشكی رەوانەی ئەمەریكا كرد

:: AM:11:26:01/04/2020 ‌
دوای ئیتالیا، رووسیا كۆمەكی پزیشكی رەوانەی ئەمەریكاش كرد. دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، وڵاتەكەمان دوو هەفتەی پڕ لە ئەستەمی لە پێشدایە و لەسەر هەموو ئەمەریكییەكە خۆی بۆ ئەم دوو هەفتەیە ئامادە بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، وەزارەتی بەرگری رووسی رای گەیاند، فڕۆكەیەكی سەر بە هێزی ئاسمانی رووسی لە جۆری "ئێن- 104-100" رەسلان، بە كۆمەكی پزیشكییەوە بەرەو ئەمەریكا بەڕێ كەوت.

ترەمپ: وڵاتەكەمان دوو هەفتەی پڕ لە ئەستەمی لە پێشدایە و لەسەر هەموو ئەمەریكییەكە خۆی بۆ ئەم دوو هەفتەیە ئامادە بكات


بەڕێكەوتنی فڕۆكەیەكی سەربازی پڕ لە كۆمەكی پزیشكی، دوای ئەوە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی شەوی رابردووی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا دێت، كە لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا رووسیا ئامادەیی تەواوی پێشان دا بۆ هاوكاری و كۆمەكی نێودەوڵەتی دژ بە پەتای كۆرۆنا كە هەموو دنیای گرتووەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، وڵاتەكەی دوو هەفتەی پڕ لە ئەستەمی لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەڕێ دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە تەنیا لە نیویۆرك قوربانیانی كۆرۆنا هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

كۆمەكی پزیشكی رووسی بۆ ئەمەریكا، لە كاتێكدایە پێشتریش 15 فڕۆكەی سەربازی رووسی، كۆمەكی پزیشكییان بە ئیتالیا گەیاند.
 
تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەپێی ئاماری تەندروستی جیهانی لە 213 وڵات بڵاو بووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش نزیكەی 850 هەزار كەس دەبێت، زیاتر لە 176 هەزار تووشبوو چاك بوونەتەوە و 42 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.


وشە - فه‌رمان سادق