هاوپەیمانان لە چۆڵكردنی سەربازگەكانیان لە عێراق بەردەوامن

:: PM:05:42:01/04/2020 ‌

تا ئێستەیش دیار نییە هۆكاری راستەقینەی ئەو جموجۆڵە سەربازییەی دوایی هاوپەیمانان و پاشەكشەكردنەیان چییە، لەوكاتەی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ئاشكرای كرد كە هێزی چوار دەوڵەت پێگە سەربازییەكان لە عێراق جێهێشتووە و خشتەیەكی كاتیش هەیە بۆ پاشەكشەكردنیان لە پێگەی تر لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.
هۆكاری راستەقینەی پاشەكشەكردنەكە دیار نییە
لیوای فڕۆكەوانی تەحسین خەفاجی، گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتییەكە ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، هێزەكانی فڕەنسا و بەلجیكا و ئەمەریكا و ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە چوار پێگەی سەربازی ئەمەریكی لە عێراق پاشەكشەیان كردووە.

زیاتر گوتی، ئەو بنكە سەربازیانەی ئەو هێزانە پاشەكشەیان تیادا كردووە، بریتین لە قائیم  لە ئەنبار و كەی وەن لە كەركووك و گەیارە و كۆشكەكانی سەرۆكایەتی لە نەینەوا، روونی كردەوە، رادەستكردنەوەی بنكە سەربازییەكان لەلایەن هێزە بیانییەكان بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق بەردەوامە و لە رۆژانی داهاتوودا بنكەی نوێی سەربازی چۆڵ دەكرێن، ئەوەیش بەپێی خشتەیەكی كاتی پێشتر ئامادە كراوە. 

هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەك لە پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كرد كە هێزەكانی ئەمەریكا كە كتوپڕ لە بنكەی حەبانییەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی رومادی پاشەكشەیان كرد، ئەوان روویان لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار كردووە، بێ زانینی هۆكاری راستەقینەی ئەو پاشەكشەكردنە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل