جەبار یاوەر ئەنجامی رێككەوتنە تەناهییەكانی هەولێر و بەغدا ئاشكرا دەكات

:: PM:07:52:01/04/2020 ‌

جیا لە تەنگژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، عێراق بە دەست چەندان كێشەی سیاسی و ئابووری و تەناهییەوە دەناڵێنێت، تا ئێستە هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی حكوومەت رێك ناكەون، جەبار یاوەر، ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی ئەنجامی سەردانی شاندی وەزارەتەكە بۆ بەغدا و رێككەوتنە تەناهییەكان دەكات.
رێككەوتنەكە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەستاوە
یاوەر لە میانەی دیدارێكی لەگەڵ "سپۆتنك"ی رووسی گوتی، جیا لە هەڕەشەكانی كۆرۆنا، تا ئێستە مەترسی داعش لەسەر هەرێم و عێراق هەیە، ئێمە لە هەرێم هیڵێكی بەهێزی بەرگریمان لە خانەقینەوە بەرەو رەبیعە لەسەر سنووری سووریا بە درێژایی هەزار كیلۆمەتر هەیە، دابینكردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەیش دەكەوێتە ئەستۆی هەرێم و عێراق كە پێیان دەگوترێت ناوچە كێشەلەسەرەكان.

زیاتر گوتی، كێشەكە بوونی چەند بۆشاییەكی تەناهییە لە نێوان دابەشبوونی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو سنوورانە، رووبەڕی ئەو بۆشاییانە 40-60 كیلۆمەتر دەبێت، كە داعش سوودیان لێ وەردەگرێت، بۆیە كۆبوونەوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق هەبوو و لەسەر هەشت خاڵ سەبارەت بە كاركردنی هاوبەش لەو ناوچانە، رێككەوتن. 

یاوەر روونی كردەوە، تا ئەو ساتەیش حكوومەت و وەزارەتی بەرگری عێراق هیچ هەنگاوێكیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە نەناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، هۆكارەكەیشی رەنگە بۆ ئەو ناكۆكییە سیاسییە و لە نێوان هێزە شیعەكان بە تایبەتی هەیە، جگە لەو ناكۆكیانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە لەبارەی بەڕێوەبردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان و كێشەكانی بودجە و دۆسیەی فرۆشتنی نەوت، ئەوانە كاریان كردووەتە سەر كاری هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە.    

روونی كردەوە، پێش مانگێك لە دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزیری پێشمەرگە بە هاوەڵی شاندێك سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ وەزیری بەرگری لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتین بۆ هاوكاری و ئۆپراسیۆنی هاوبەش، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە بۆ سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان و نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرز كرایەوە، هیچ وەڵامدانەوەیەك بۆ رێككەوتنكە نەبوو.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل