ترەمپ: هەر هێرشێك بۆ سەر هێزەكانمان ئێران باجەكەی دەدات

:: PM:09:55:01/04/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ بوونی جموجۆڵێكی فرەوانی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە، ئێستە جەنگێكی دەروونی و راگەیانی بەهێز لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و میلیشیا شیعەكان هەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، میلیشیاكانی سەر بە ئێران بە نیازی هێرشن بۆ سەر هێزەكانمان لە عێراق.
واشنتن جەنگی دەروونی لەگەڵ میلیشیاكان دەكات
ئێستە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش خەریكی خۆرێكخستنەوەن، ئەوان چوار بارەكای سەربازیان چۆڵ كردووە و بەنیازن ژمارەیەكی تریش چۆڵ بكەن، هاوكات ئەمەریكا یەكەكانی سیستمی دژە مووشەكی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی هێناوەتە عێراق بۆ پاراستنی سەربازگە و بنكە و بارەگاكانی.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێك نووسیویەتی، بەپێی زانیارییەكان، ئێران و میلیشیاكانی پلانیان هەیە بۆ ئەنجامدانی زنجیرە هێرشێك بۆ سەر هێزەكانمان لە عێراق، ئەگەر ئەوەیش رووبدات، بەراستی ئێران باجێكی گەورەی ئەو كارە دەدات. 

دوێنێ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ئەگەری كردنەئامانجی هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق هەڕەشەكانی نوێ كردەوە و دووپاتی كردەوە كە  وەڵامی هەر كردنەئامانجێكی كونسوڵگە و باڵوێزخانەكانیان لە عێراق دەدەنەوە، دووپاتی كردەوە، كەسانێك هەن تا ئێستەیش خەریكی دروستكردنی چەك و تەقەمەنین، لەوكاتەی گەلانیان بەدەست برسیەتییەوە دەناڵێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل