له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاتانی جیهان، جارێكی تر سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ ئه‌و فیلمانه گه‌ڕایه‌وه كه باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌كه‌ن و به گوێره‌ی داتاكانیش له گووگڵ و تۆڕی ئینته‌رنێت خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر به دوای ناوی ئه‌و فیلمانه‌وه ده‌گه‌ڕێن و دووباره سه‌یریان ده‌كاته‌وه، هه‌رچه‌نده له ساڵانی زووه‌وه به‌رهه‌م هێنراون.
هه‌ندێك له خه‌ڵكی به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ و فه‌یك نیوز گومانی لادروستكردوون و ڤایرۆسی كۆرۆنا به ده‌ستكرد ده‌زانن، به وردی ده‌یانه‌وێ ئه‌م فیلمانه بكه‌ن به به‌ڵگه بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوونه هه‌ڵه‌كان، به‌ڵام شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه سیناریۆی فیلمه‌كان هه‌مووی به‌رهه‌می ئه‌زموونه‌كانی پێشووی مرۆڤن له‌گه‌ڵ په‌تاكان و خه‌یاڵی زانستین و هیچ پێشبینییه‌كی 100% له فیلمه‌كان بوونی نییه و لێره‌دا باشترین
حه‌وت فیلم ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌كه‌ن.
یه‌كه‌م: فیلمی Contagion ، به نزیكترین فیلم داده‌نرێ له‌و دۆخه‌ی كه ئێسته جیهان تێی كه‌وتووه و ستیڤن سۆدێربێرگ له ساڵی 2011 به‌رهه‌می هێناوه و نیشانه‌كان و چۆنیه‌تیی گواستنه‌وه‌ی و كاریگه‌رییه‌كانی زۆر نزیكه له ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام زانایان دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه ئه‌مه هه‌رگیز وه‌ك پێشبینی ته‌ماشا ناكرێت، به‌ڵكوو به‌شێك له زانایانی جیهان له زووه‌وه هه‌میشه هۆشدارییان داوه، كه ڤایرۆس و به‌كتریا له‌ناوبه‌ره‌كان نه‌وه‌ی نوێ ده‌رده‌كه‌ن و پێویسته جیهان ئاماده‌كاری بكات، بۆیه ئه‌مه‌یش وه‌ك به‌شێك بووه له هۆشداریدان نه‌ك پێشبینی كرد، هه‌ریه‌ك له مات دامون و جۆد لو، كیت وینسلت و ماریون گوتیار، بریان كرانستون، جوینیس بالترو له فیمه‌كه به‌شدارن، فیلمه‌كه باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێك ده‌كان كه سه‌ره‌تا له قه‌سابێكه‌وه بۆ ژنێكی ئه‌مه‌ریكی گوێزراوه‌ته‌وه و له هۆنگ كۆنگ بڵاوبووه‌ته‌وه و دواتر ژنه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مه‌ریكا و خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكایش به‌چڕی تووشی بوون.
كاتێك 2011 فیلمه‌كه له سینه‌ماكان پێشان درا، بینه‌ر و هه‌وادارێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئێسته‌ی نه‌بوو، كه خه‌ڵكی به‌لێشاو له ماڵپه‌ڕه‌كانی بواری فیلم به پاره سه‌یری ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام به‌دوای دا ده‌گه‌ڕێن.
فیلمه‌كان به‌ڵگه نین بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پێشبینی سه‌یری بكه‌ن، به‌ڵكوو هۆشدارین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خۆمان بپارێزین
دووه‌م: فیلمی Resident Evil ئه‌و فیلمه به‌شی یه‌كه‌می له 2002 و دواتر به‌شی دووه‌می له 2004 به‌رهه‌م هێنرا و باس له شه‌ڕی كۆمپانیایه‌كی ده‌رمان ده‌كات، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری زۆمبییه‌كان و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌رمانی نهێنی بۆ وێرانكردنی ژیان، میلا جوفوفیتش كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌مبرێلا كۆرپه‌ریشه‌ن ده‌سته‌به‌سه‌ر ده‌كرێ، ده‌رمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر تاقی ده‌كرێته‌وه، دواتر پاڵه‌وانی فیلمه‌كه چه‌ند نهێنییه‌كی شاراوه‌ی كۆمپانیاكه ئاشكرا ده‌كات و ئه‌وه ده‌رده‌خات كه كۆمپانیاكه له ڕێی ده‌رمانێكه‌وه خه‌ڵك تووش ده‌كات و خۆیشی چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی قازانجێكی زۆر بكات. یه‌كێكه له فیلمه ترسناكه‌ن و باس له پیلانگێڕی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان بۆ ده‌سكه‌وتنی قازانجی زیاتر ده‌كات.
سێیه‌م: فیلمی Outbreak سیناریۆی ئه‌م فیلمه له په‌رتووكێكی ریچارد بریستۆن وه‌رگیراوه به ناوی The Hot Zone، فیلمه‌كه باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێك ده‌كات و ساڵی 1995 به‌رهه‌م هێنراوه و شێوه و ڕووداوه‌كانی ناو فیلمه‌كه نزیكه له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئیبۆلا له ئه‌فریقا و دواجار ده‌گاته ئه‌مه‌ریكا و قوربانییه‌كی زۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ریه‌ك له ئه‌ستێره‌كانی هۆلیوود كیڤین سپیسی و رینییه رۆسۆ، مۆرگان فریمان، دۆناڵد سازه‌رلاند، داستین هۆفمان، پاتریك دیمبسی و كوبا جۆدنگ جۆنیۆر به‌شدارییان تێدا كردووه و ئێسته جارێكی تر هاتووه‌ته‌وه ڕیزبه‌ندی تۆپ لیستی ئه‌و فیلمانه‌ی له ماڵپه‌ڕه‌كانی تایبه‌ت به په‌خشكردنی فیلم دانراون.
سه‌رجه‌می ئه‌و فیلمانه به ڕوانین له ئه‌زموونی پێشووی مرۆڤ له‌گه‌ڵ په‌تاكان به‌رهه‌مهێنراون و به‌شێكیش خه‌یاڵی زانایان بۆ بێداركردنه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كانی جیهان له دروستبوونی په‌تای مه‌ترسیدار له داهاتوودا
چواره‌م: فیلمی Cabin Fever، ئه‌و فیلمه بۆ دووه‌مجار له ساڵی 2002 به‌رهه‌م هێنرایه‌وه و باس له‌وه ده‌كات، كه ئه‌و تایه‌ی به‌هۆی په‌تاوه ده‌یگرین زۆر قورس نییه و مانه‌وه‌یش له كه‌ره‌نتینه كارێكی مه‌حاڵ نییه، باس له چیرۆكی كۆمه‌ڵێك گه‌نجی تووشبوو به په‌تایه‌ك ده‌كات كه له نزیك كابینه‌یه‌كی به‌كرێدانه‌وه تووشی بوون تراڤیس زاروینی ده‌رهێنه‌رییه‌تی و له‌وكاته‌ی فیلمه‌كه بڵاوكرایه‌وه هیچ ره‌یتینگێكی وه‌رنه‌گرت و زاروینی گوتی، ئه‌وانه‌ی گرنگی به فیلمه‌كه وان وه‌ك سه‌گی نووستوون و له دیمه‌نه‌كان و چیرۆكه‌كه تێناگه‌ن، ئێسته كه كۆرۆنا له جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه، خه‌ڵكی به‌لێشاو سه‌یری ده‌كه‌ن و ره‌یتینگی زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه.
پێنجه‌م: فیلمی Days Later 28 یه‌كێكه له فیلمه‌كانی زۆمبی و به وردی باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تایه‌ك ده‌كات و له ساڵی 2002 دانی بویل به‌رهه‌می هێناوه و ئه‌لیكس جارلاند نووسیویه‌تی، ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه بریتییه له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی كوشنده له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا، دوای ئه‌وه‌ی چالاكانی ژینگه مه‌یموونێكی شامپانزی تووشبوو به ڤایرۆسه‌كه له ناو له‌نده‌ن بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ریه‌ك له ناوومی هاریس و بریندان جلیسون و میگان بیرنز و كریسۆفه‌ر ئه‌كلیستۆن ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕن و دواجار ئه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه پزیشكێك سه‌رچاوه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه، فیلمه‌كه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، هاوكات ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆریش بووه‌وه، دوای چه‌ند ساڵێكیش فیلمێكی تر به ناوی 28 هه‌فته دواتر به‌رهه‌م هێنرا كه به درێژكراوه‌ی هه‌مان فیلم داده‌نرێت.
شه‌شه‌م: فیلمی Survival of the Dead به یه‌كێك له فیلمه ترسناكه‌كانی زۆمبی داده‌نرێ و جۆرج رۆمیرۆ ده‌رهێنه‌ریه‌تی و له ساڵی 2009 به‌رهه‌م هێنراوه، باس له كۆمه‌ڵێك پاسه‌وانی نیشتمانی ده‌كات، كه وه‌ك ونبوون ده‌رده‌كه‌ون و دواتر له دوورگه‌ی پلووم خۆیان ده‌بیننه‌وه و له دۆخێكی ئاڵۆزدان، ئه‌مه‌یش ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه، چونكه پێیان وابوو زۆر ترسناكتره له‌وه‌ی كه فیلمه‌كان تا ئێسته له بواری ترس‌دا دروستیان كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌كان به توندی دژی وه‌ستایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه به ترسناكترین فیلم داده‌نرێ له‌بواری ئه‌و فیلمانه‌ی باسی په‌تا و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌كه‌ن.
حه‌وته‌م: فیلمی Train to Busan، باس له شه‌مه‌نده‌فه‌رێك ده‌كات كه به‌ره‌و بووسان ده‌ڕوات و ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی كۆریای باشوور یون هۆ سانگ به‌رهه‌می هێناوه و چیرۆكه‌كه گیرخواردنی كۆمه‌ڵێك كه‌سه له نێو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه و دواتر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر په‌تایه‌ك بڵاو ده‌بێته‌وه و خه‌ڵك تووشی بێهۆشی ده‌كات و سه‌رنشینانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه هه‌وڵی هه‌ڵاتن له ده‌ستی په‌تاكه ده‌ده‌ن و له بووسان خه‌ڵكی كه‌ره‌نتینه ده‌كرێن و خه‌ڵكێكی زۆر تووشی ده‌بن و گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه به هه‌ر كوێ ڕۆیشت بێ، ناوچه‌كه‌ی تووشی په‌تاكه كردووه.