هاوپەیمانی سائیروون هەڵوێستی خۆی لەسەر زورفی راگەیاند

:: AM:10:55:07/04/2020 ‌
هاوكاتی هەوڵەكانی دوورخستنەوەی زورفی لە پێكهێنانی حكوومەت و هێنانە پێشەوەی كازمی، هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ،  كێشەمان لەگەڵ زورفی نییە و گرنگ ئەوەیە بتوانێ بەرپرسیاریەتی ئەو قۆناغە هەڵبگرێت.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، بورهان مەعمووری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رای گەیاند، دوو لایەن هەن دەتوانن متمانە بە حكوومەتەكەی عەدنان زورفی بدەن، ئەوانیش پەرلەمان و هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە.

مەعمووری روونی كردەوە، هەڵوێستی لیستەكانی پەرلەمان هێشتا روون نین كە ئایا پشتگیری لە حكوومەتەكەی زورفی دەكەن یان نا، گوتی "هاوپەیمانی سائیروون مەرجی پشتگیری بۆ كابینەی حكوومەتی نوێ ئەوەیە كە حكوومەتێكی بەهێز بێت و توانای هەڵگرتنی ئەستەمەتییەكانی ئەو قۆناغە و رووبەڕووبوونەوەی هەبێت كە وڵات لە رووی ئابووری و تەناهی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە پێیدا گوزەر دەكات. بەلای هاوپەیمانی سائیروون، ناوی سەرۆك وەزیران و كەسی راسپێردراو گرفت نین".

هاوپەیمانی سائیروون مەرجی پشتگیری بۆ كابینەی حكوومەتی نوێ ئەوەیە كە حكوومەتێكی بەهێز بێت و توانای هەڵگرتنی ئەستەمەتییەكانی ئەو قۆناغە و رووبەڕووبوونەوەی هەبێت


پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیروون هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە هاوپەیمانیەتییەكەی لەگەڵ جێبەجێكردنی رێكارە دەستوورییەكاندایە، گوتی "زورفی لەلایەن سەرۆك كۆمار كاندید كراوە، پاش ئەوەی لیژنە حەوت كەسییەكە شكستی هێنا لە رێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدێك، بۆیە ئێستە بڕیاری یەكەم و كۆتایی لای خودی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەماندایە، چاوەڕوان دەكەین پەرلەمان دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەت ئەنجام دەدات یان دەچێتە ژێرباری گوشارەكانی لەسەری هەن، یانیش زورفی دەچێتە ژێر باری گوشارەكان و دەكشێتەوە یا كابینەی حكوومەتەكەی پێشكەشی پەرلەمان دەكات، هەموو ئەوانە لە رۆژانی داهاتوو روون دەبنەوە".

هەڵوێستی نوێی هاوپەیمانی سائیروون لە كاتێكدایە زورفی كارنامەی حكوومەتەكەی بڵاو كردەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ناوی وەزیرانی كابینەی حكوومەتەكەی بداتە پەرلەمان، ئەمەش هاوكاتی ناوهێنانی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی دێت كە لە جێی عەدنان زورفی كاندید دەكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق