مەسروور بارزانی سەرپەرشتیی یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی دەكات

:: PM:07:08:08/04/2020 ‌
 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە سەرپەرشتیی یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كرد، دوای ئەوەی پێڕەوی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندكراو و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بڵاوكرایەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ دەربارەی میكانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كرا.

مه‌سروور بارزانى: چاكسازى هەموو بوار و سێكتەرەكان ده‌گرێتەوە
سەرۆكی حكوومەت بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دووپاتی لەوە كردووە، ئەنجامدانی چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێكتەرەكانیش بگرێتەوە، دابینكردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەكیمانە.

هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەكان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی راپۆرتی وەزارەتەكانی پەسەند كرد، و گشت وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت ڕاسپێردران بە پێكهێنانی لیژنە لاوەكیەكان و دەستبەكاربوونیان لە زووترین كاتدا لە چوارچێوەی مادە و بڕگەكانی یاسای چاكسازیی.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم