هه‌ندێك ڕێنمایی گشتی هه‌ن، له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا وه‌ك خۆی ده‌مێننه‌وه، وه‌ك ڕاستگۆیی و ده‌ستپاكی كه هه‌میشه سیمای مرۆڤی به‌رزن، له به‌رانبه‌ردا كۆمه‌ڵێ ڕه‌فتاریش هه‌ن، تایبه‌تن به سه‌رده‌مه‌وه و ئه‌گه‌ری هه‌یه له سه‌رده‌مانی تردا گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت. توێژه‌ران بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه، كۆمه‌ڵێ ڕێنماییان باس كردووه كه پێویسته تاكه‌كان خۆیانی لێ ڕزگار بكه‌ن.
مرۆڤ هەردەم بۆ ئەو ڕێگەیانە دەگەڕێ کە لەناو خەڵکی خۆشەویست دەبێ
ئه‌و ڕێنوێنییانەی سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی به‌ریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، بریتین له هه‌شت خاڵ، پێویسته هه‌موو كه‌س له‌كاتی مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌یدا له ژیانی ئاسایی بێت یان تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پێڕه‌ویان بكات.
یەكەم/ زۆر بڵاوكردنەوەی وێنەی خۆت لە فەیسبووك
توێژینەوەكان دەری دەخەن، بڵاوكردنەوەی وێنەی خۆت بە شێوەیەكی ڕۆژانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەبێتە هۆی دووركەوتنەوە و بێزاری هاوڕێكانت و زیان بە پێوەندییەكەتان دەگەیەنێ. خەڵكی حەز دەكەن بە كەمترین وێنە زۆرترینت لەسەر بزانن.
دووەم/ ئەگەر هاوڕێت زۆر بێت یان كەم بێت لە فەیسبووك
لە توێژینەوەیەكدا كە پێش چەند ساڵێك ئامادە كراوە، ئاشكرای دەكات تا ژمارەی هاوڕێكانت مامناوەند بێت لە فەیسبووك، زیاتر جێی بایەخ دەبیت لای هاوڕێكانت، چونكە وایان نیشان دەدەی كە بایەخیان پێ دەدەیت و هەموو كەس بە هاوڕێ قبووڵ ناكەیت. ئەگەر كەمیش بێت هاوڕێكانت كە لە ڕێژەی مامناوەند كەمتر بێت، دیسان دەبێتە هۆی كەمیی هاوڕێ و بە كەسێكی گۆشەگیر تەماشا دەكرێی.
سێیەم/ زوو ئاشكراكردنی زانیاریی كەسی
زوو خۆ ناساندن، یەكێكە لە باشترین ڕێگەكان بۆ پەیداكردنی هاوڕێ، بەڵام پێویستە بزانی چ زانیارییەك هەڵدەبژێری تا لە سەرەتادا لەبارەی خۆت ئاشكرای دەكەیت. زۆر جار خەڵك دەپرسێ، دەبێ مەبەستت چی بێت ئەم هەموو زانیارییە لەبارەی خۆت ئاشكرا دەكەیت، ئەمەش وا دەكات نیشانەی پرسیارت لەسەر دروست بكەن.
چوارەم/ زۆر پرسیاركردن بەبێ ئەوەی باسی خۆت بكەیت
توێژینەوە كۆمەڵایەتییەكان دەری دەخەن، لێك نزیكبوونەوە لە نێوان هاوڕێیان، ئەو كاتە پتەو دەبێت كە زانیارییەكانیان لەسەر یەكتر بە یەكسانی دا بە دەستەوە. مرۆڤ حەزی لەوە نییە هەر پرسیاری لێ بكرێ بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو پرسیارانە هەبێ لەبارەی ئەو كەسەی پرسیارەكەی كردووە.
پێنجەم/ بڵاوكردنەوەی وێنەی زۆر نزیكی دەموچاو
وێنەی پۆرترێت كە تەنیا ڕووە، ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام ئەو وێنانەی زۆر نزیكن لە دەموچاو و وردەكاریی ڕوو بە تەواوی نیشان دەدات، دەبنە هۆی مایەی بێزهاتنەوەی هاوڕێكانت و تاقەتیان نییە بیبینن.
شەشەم/ شاردنەوەی لایەنی سۆزداری
نیشاندانی لایەنی سۆزداری لە نێوان هاوڕێیاندا، زۆر گرنگە. توێژەران ئاماژە بەوە دەكەن، ئەوانەی كە ئەو لایەنەیان دەشارنەوە، بەرامبەرەكەیان بە هەڵە لێیان تێ دەگەن.
حەوتەم/ زێدەڕۆیی لە هەڵسوكەوتی نەرم
ڕەنگە وا بزانیت ئەگەر زۆر بە نەرمی هەڵسوكەوت بكەیت، هاوڕێكانت خۆشیان بوێیت، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. لە توێژینەوەیەكدا كە ساڵی 2010 بڵاو بووەتەوە، دەركەوتووە كە ئەوانەی زۆر نەرمی لەگەڵ خەڵك دەنوێنن، هاوڕێیەتییەكی بەهێزیان بۆ دروست نابێت لەگەڵ خەڵكدا.
هەشتەم/ ستایشی خۆت مەكە و ڕەخنەش لە خۆت مەگرە
زانایانی دەروونناسی، ئامۆژگاریی ئەوە دەكەن كە پێویستە لە بەرچاو خەڵكدا نە ستایشی خۆت بكەیت نە خۆت بشكێنیتەوە، ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نەرێنی لێت بڕوانن. هەمیشە بە شێوەیەكی مامناوەند لەبارەی خۆت بدوێ.