دۆخی چین لە كۆرۆنا لە 81 وڵاتی دنیا باشترە

:: PM:02:21:02/05/2020 ‌

چین كە یەكەم وڵات بوو زۆرترین ژمارەی تووشبووی كۆرۆنای تێدا راگەیەنرا، بەڵام زۆر وڵات هەن كە لەو ئامارە پێش چین كەوتوونەتەوە و بەرازیل دواین وڵاتە كە لەم ئامارە پێش چین كەوتووەتەوە.

چین لە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ریزبەندی دەیەمدا بوو، بەڵام بە هاتنی بەرازیل چیتر چین لەو 10 وڵاتە نییە زۆرترین كۆرۆنای تۆمار كردبێت. چین لە ژمارەی كەیسە ئەكتیڤەكان لە پلەی 82دایە و ئەوەش دەری دەخات دۆخی ئەو وڵاتە لە 81 وڵاتی تری دنیا باشترە.

بەگوێرەی ئامارەكانی wordometers   كە "وشە" هەڵسەنگاندنی بۆ دواین داتاكانی كردووە، دەردەكەویت لە چین تەنیا 557 تووشبووی كۆرۆنای ماوە چارەسەریان بكات و ئەوانەی تر چاك بوونەتەوە و بەشێكیشیان مردوون.

كۆی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە چین گەیشتووەتە 82 هەزار  و 875 كەس كە لەو ژمارەیە چوار هەزار و 633 كەس مردوون. 

هەرچەندە هێشتا لە چین رۆژانە ‌حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار دەكرێ، بەڵام دۆخەكە لەو وڵاتە بە تەواوی كۆنترۆڵ كراوە.

هەریەك لە وڵاتانی ئەمەریكا، ئیسپانیا، ئیتالیا، بەریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا، توركیا، ئێران و بەرازیل، 10 لەو وڵاتانەن زۆرترین حاڵەتی كۆرۆنایان لێ تۆمار كراوە.

ئەمەریكا پشكی شێری تووشبووانی كۆرۆنای وەرگرتووە و ژمارەكەی گەیشتووەتە ملیۆنێك و 131 هەزار كەس، سەرووی 65 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.
كۆی تووشبووان لە دنیادا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 416 هەزار حاڵەت

كۆی تووشبووان لە دنیادا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 416 هەزار حاڵەت و لەو ژمارەیەش 239 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و ملیۆنێك و 88 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.

لە كوردستان كۆی گشتیی تووشبووانی‌ كۆرۆنا لە كوردستان گەیشتووەتە 387 كەس، لەناویاندا پێنج مردن هەیە و 325 كەسیش چارەسەر كراون.





وشە - سلێمان تاشان