پەرلەمانتارێكی كورد: ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر حكوومەتی كازمی بدرێت

:: PM:11:23:02/05/2020 ‌

ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، هەر كە وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی دیاری كرا، وەك فراكسیۆنە كوردییەكان بە فەرمیی ئاگەدار دەكرێینەوە، دووپاتی كردەوە كە سبەی شاندی هەرێم دووبارە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
شاندی هەرێم دووبارە سەردانی بەغدا دەكاتەوە
ئەمڕۆ شەموو، مەیادە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە بە فەرمی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاری نەكراوە بۆ دەنگدان و متمانەدان بە كابینەكەی مستەفا كازمی، بۆیە هەركات كاتی كۆبوونەوە دیاری كرا، بە دڵنیاییەوە فراكسیۆنە كوردییەكان بە فەرمی ئاگەدار دەكرێنەوە.

زیاتر گوتی، ئەوەندەی زانیاری بە ئێمە دراوە و حكوومەتیش رای گەیاند، بەڵێ، سبەی یەكشەم، شاندەكەی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ كاربەدەستانی بەغدا دەست پێ دەكەنەوە.

نەجاڕ دووپاتی كردەوە، هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و متمانە وەرگرتن، لەو چوارچێوەیەدا ئەگەر شتێك نەیەتە پێشەوە و گرفت دروست نەبێت، ئەم هەفتەیە دانیشتنی پەرلەمان ساز دەكرێت و كۆبوونەوە بەڕێوە دەچێت و كابینەكەی كازمی متمانە وەردەگرێت.

كورد لە كابینەكەی كازمی بە سێ وەزارەت بەشداری دەكات، كە وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی داد و وەزارەتی شارەوانی دەبن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل