به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كێشه ده‌خاته نێوان باڵه‌كانی ئه‌و حزبه و به‌هۆی چه‌ند كارێكیشییه‌وه باڵی لاهوور جه‌نگی و ماڵی مام جه‌لال پێكدا ده‌دات.
جه‌زا سه‌ید مه‌جید له دوای كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتییه‌وه كراوه به به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، سه‌ر به باڵی ماڵی مام جه‌لاله‌وه و له شاناز برایم نزیكه. به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" له ماوه‌ی رابردوو به‌بڕیاری ماڵی مام جه‌لال سه‌ردانی هه‌ریه‌كه له بارزان ئه‌حمه‌د كورده و سامان گه‌رمیانی كردووه كه هه‌ردووكیان له كۆنگره ده‌رنه‌چوون و ئێسته وه‌ك ناڕازی له‌و حزبه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
ئه‌و كاره‌ی جه‌زا سه‌ید مه‌جید، لاهوور جه‌نگی توڕه ده‌كات
ئه‌و كاره‌ی جه‌زا سه‌ید مه‌جید، لاهوور جه‌نگی توڕه ده‌كات، چونكه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك به "وشه"ی راگه‌یاند، لاهوور پێی باش نییه ئه‌و كه‌سانه‌ی له یه‌كێتی تۆراون جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه ناو حزبه‌كه.
هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی كێشه كه‌وتووه‌ته نێوان شاناز و لاهوور و ئێسته ماملانێ و شه‌ڕی ئه‌و دوو باڵه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده.
"وشه" بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر پێوه‌ندی به‌چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌كێتی كرد، به‌ڵام زانیاریان له‌وباره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاند.
دوای كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندانی پێشووی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه كه ده‌رنه‌چوون وه‌ك ناڕازی به‌ره‌یه‌كیان پێكهێنا و تا ئێسته‌یش چه‌ند جارێك هه‌وڵ بۆ ئاشتكردنه‌وه‌یان دراوه، به‌ڵام شكستی هێناوه.